شارپرێس:
رێكخراوی داعش دەستپێكردنی هێرشە بەرفراوانەكانی بۆ سەر بنكە و مۆڵگەكانی حكومەتی كاتی سوریا لە سەرانسەری سوریا راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی داعش كە كەناڵی سوریا تیڤی بڵاویكردوەتەوە، رێكخراوەكە هێرشی توندی كردووەتە سەر ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا و حكومەتەكەی و بە عەلمانی و لایەنگری توركیا و وڵاتانی رۆژئاوایی ناوی بردوون.
هەروەها رێكخراوە رایگەیاندووە لەناوخۆی سوریا و دەرەوەی وڵاتیش هێرشەكانیان دەستپێدەكەن.
ئەوە لەكاتێكدایە بەگوێرەی میدیاكانی حكومەتی كاتی سوریا لە دوو رۆژی رابردوودا چەكدارانی داعش چەند هێرشێكیان لە سنووری رەقە و دێرزور لە دژی هێزەئەمنییەكانی حكومەتی كاتی سوریا ئەنجام داوە.
شەوی رابردوو چەكدارەكان چەند هێرشیان لە ناوچەكانی بەسیرە و زیبان و زر لە رۆژهەڵاتی دێرەزور ئەنجامداوە و بە چەكی ئارپی جی و دۆشكا لە هێزە ئەمنییەكان داوە.
سەرچاوە ئەمنییەكان دەڵێن، شەڕ و پێكدادانی سەخت لەنێوان هێرشبەرانی سەر بەداعش و هێزەئەمنییەكانی حكومەتی كاتی هاتوەتە ئاراوە.
وەزارەتی ناوخۆی سوریا رۆژی دووشەممە بڵاویكردەوە، چوار چەكداری هێزەئەمنییەكانی حكومەتی كاتی كوژراون و دووی دیكەش برینداربوون لە هێرشێكدا لە سنووری پارێزگای رەقە، ئەمە دووەم هێرشە لە ماوەی دوو رۆژدا لە سنوورەكە دەكرێتە سەر هێزە ئەمنییەكان.
