شارپرێس:
فوئاد حسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و تۆم باراك، نێردەی تایبه‌تی ئه‌مریكا له‌به‌غدا كۆبونه‌وه و له‌باره‌ی گرژییه‌كانی ناوچه‌كه، پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق و گواستنه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش له‌سوریاوه بۆ عێراق گفتوگۆیان كرد.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ڕاگه‌یه‌ندراوەكەیدا، بڵاویكرده‌وه، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه فوئاد حسێن پێشوازیكردوه له‌تۆم باراک، نێردەی تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ توركیا، سوریا و عێراق كۆبوه‌وه و باسیان له پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا کرد‌و جەختیان لە گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی و هاوکاری هاوبەش لە قۆناغە جیاجیاکاندا کردەوە، بەتایبەتی لەبواری بەرەنگاربونەوەی تیرۆردا.
ئاماژه به‌وه‌شكراوه، تۆم باراك پێزانینی خۆی بۆ ئەو هەنگاوە گرنگە دەربڕی کە حکومەتی عێراق لە گواستنەوەی ئەندامانی داعش لەناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی سوریاوه بۆ عێراق گرتیه‌به‌ر، لەچوارچێوەی بەهێزکردنی سەروەری عێراق و جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییە یاساییەکانی.
فوئاد حسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ڕایگه‌یاندوە، عێراق بەردەوامە لەپەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەک وڵات بۆ گواستنەوەی هاوڵاتییانی تێوەگلاو لە دۆسیەی تیرۆر بۆ وڵاته‌كانیان، هەروەها ستایشی ڕێککەوتنی حکومەتی تورکیای کرد بۆ پێشوازیکردن لە هاوڵاتیانی تورکیا لەنێو ئەو کەسانەدا.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ڕونیكرده‌وه، فوئاد حسێن و تۆم باراك باسیان لە ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده) و حکومەتی کاتی سوریا کرد، هەردولا پشتیوانی خۆیان بۆ ڕێککەوتنەکە و پێویستی پابەندبون بە جێبەجێکردنی دوپاتکردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی لەسەر پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سوریا.
ئه‌وه‌ش هاتوه، لەکۆبونەوەکەدا باس له‌په‌یوه‌ندی ئه‌مریكا و ئێران و دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان هەردولا کراوه، فوئاد حسێن جه‌ختی له‌سه‌ر كاریگه‌ری هه‌ر شه‌ڕێك بۆ سه‌ر ته‌واوی ناوچه‌كه كرده‌وه، پشتیوانی عێراقی بۆ ڕێبازی ئاشتیانه و پاڵپشتی به هێزه‌كه‌ی بۆ خولی داهاتوی دانوستانه‌کان ڕاگه‌یاند، كه بڕیاره رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی داهاتو له جنێف به‌ڕێوه‌بچێت، به ناوبژیوانی عومان.
له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه، هەروەها بە درێژیی باسیان لەپرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و تەحەددیاتی پەیوەست بە کاندیدکردنی پۆستەکانی سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆماری عێراق کرد. نێردەی ئەمریکا دیدگای ئەمریکی لەم بارەیەوە خستەڕو، هاوکات وەزیر دوپاتی کردەوە کە پێکهێنانی حکومەتی عێراق پرسێکی ناوخۆیە، بە لەبەرچاوگرتنی بۆچونی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی ئەمریکا، وەک هاوپەیمانێک.
