حكومەتی هەرێم: تەعریب بەشێوازێکی نوێ دەستی پێکردوەتەوە

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 589 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتێکی گشتگیرو دۆکیومێنتاریی لەسەر ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستور بۆ ساڵانی (2005-2025) بڵاو کردەوەو دەڵێت، لەدوای 2017 تەعریب بە شێوازێکی نوێ (ئیداری و کشتوکاڵی) دەستی پێکردوەتەوە.

فەرمانگەكە دەشڵێت، کۆی ئەو پارەیەی لەماوەی 20 ساڵدا خەرجکراوە (2.08 تریلیۆن دینار)، بەراورد بە قەبارەی زیانەکان و ژمارەی ئەو 118 هەزار دۆسیەیەی چاوەڕێی یەکلاییکردنەوە دەکەن، زۆر کەمە، هاوكات راپۆرته‌كه‌ ئاماژە بەستراتیجێکی نوێ دەکات بۆ گۆڕینی ناسنامەی ناوچەکان "تەعریبی ئیداری".

به‌گوێره‌ی ڕاپۆرته‌كه‌ی فەرمانگەی میدیاو زانیاری، له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه‌وه‌ پێشێلكاری گه‌وره‌ رویانداوه‌ و ئه‌و روداوانه‌ تەنها گۆڕانکاریی سەربازی نەبون، بەڵکو کارەساتێکی مرۆیی و ئیدارییان بەدوای خۆیاندا هێناوە، بەتایبەت لە قەزای دوزخورماتو، كه‌ 15 كه‌س شه‌هیدبون و 115 هاوڵاتی مەدەنی برینداربون، هه‌روه‌ها سێ هه‌زار و 150 ماڵی هاوڵاتیانی کورد تاڵان کراون.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، 530 خانو و دوکانی کورد سوتێنراون یان تەقێنراونەتەوە، لەگەڵ سوتاندنی 21 کارگە و قوتابخانە، هاوكات  زیاتر لە 53 هەزار کەس لەو قەزایە ئاوارە بون.

لەوردەكاری ڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بە ستراتیجێکی نوێ دەکات بۆ گۆڕینی ناسنامەی ناوچەکان "تەعریبی ئیداری"، لەوانە: داگیرکردنی پۆستەکان: گۆڕینی 10 پۆستی باڵای ئیداری لە کەرکوک و 10 پۆستی تر لە شەنگال کە پشکی کورد بون و پێدانیان بە پێکهاتەکانی تر.

ئەوەش خراوەتەڕوو، گرێبەستە کشتوکاڵییەکانی سەردەمی بەعس زیندوکراونه‌ته‌وه‌ و عەرەبی هاوردە بۆ سەر زەویی جوتیارانی کورد لە کەرکوک، داقوق و سەرگەڕان هێنراون، هاوكات هه‌وڵدراوه‌ بۆ گواستنەوەی فۆرمی خۆراک و ناسنامەی هەزاران خێزانی عەرەب بۆ ناو کەرکوک.

لەدرێژەی ڕاپۆرتەكەدا باس له‌وه‌ده‌كات، هەرچەندە بڕیاربو بودجەیەکی بەرچاو بۆ قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوان تەرخان بکرێت، بەڵام لە ساڵانی 2014، 2015 و 2018 تاوه‌كو 2021، حکومەتی عێراق "سفر" دیناری بۆ ئەم ماددەیە تەرخان کردوە.

هەروەها دەڵێت، کۆی ئەو پارەیەی لە ماوەی 20 ساڵدا خەرجکراوە (2.08 تریلیۆن دینار)، بەراورد بە قەبارەی زیانەکان و ژمارەی ئەو 118 هەزار دۆسیەیەی چاوەڕێی یەکلاییکردنەوە دەکەن، زۆر کەمە.

لەبارەی نەتەوە یەكگرتوەكانیشەوە، دەڵێت، کە نەتەوە یەکگرتوەکان (UNAMI) لەنێوان ساڵانی 2007 بۆ 2017 چەندین پێشنیاز و راپۆرتیان هەبوە، بەڵام جێبەجێ نەکراون، لە هەمان کاتدا راپۆرتەکە جەخت لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی ژمارە 113ی ساڵی 2017 و 71ی ساڵی 2019 دەکاتەوە، کە ڕێگرییان کرد لە هەوڵە یاساییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ماددەی 140 و دوپاتیان کردەوە کە ماددەکە تا جێبەجێکردنی دوا قۆناغی (راپرسی) بەزیندویی دەمێنێتەوە.