شارپرێس:
لەوێستگەکانی
پاسو تێرمیناڵەکاندا، دیمەنی ماڵئاوایی گەنجانی کورد لەباوەشی دایکو باوکیان بوەتە
تراژیدیایەکی ڕۆژانە، گەنجێک کە هێشتا شوێنەواری ماندوێتی خوێندنی زانکۆی بەسەر ڕوخسارەوەیە،
جانتایەکی پڕ لەجلوبەرگو ئومێدێکی کەم، دەخاتە سەر شانیو بەرەو سنورەکان بەڕێدەکەوێت،
ئەمە تەنها گەشتێک نییە، بەڵکو قومارکردنە بەژیان لەپێناو دەستکەوتنی مانایەک بۆ
بون.
ئامارەکان تەنها
ژمارەن، بەڵام چیرۆکی پشت ژمارەکان پڕن لەئازار، پاڵنەرەکانی ئەم کۆچە تەنها ئابوریی
نین؛ بەڵکو تێکەڵەیەکن لەبێهیوایی لەدادپەروەریی، کاتێک گەنجێک دەبینێت دەرفەتەکان
نەک بۆ بەهرەدارەکان، بەڵکو بۆ خاوەن دەستڕۆیشتوەکانە، خاکەکەی لێ دەبێتە زیندان،
ههروهها نەبونی سەقامگیریی دەرونیش هۆكارێكى دیكهیه، ئهویش بریتیه لهترسی بەردەوام
لەداهاتوو و تەمومژاویبونی ئاسۆکان، گەنجان ناچاردەکات ڕێگەی دارستانە ساردەکانی بیلاڕوسو
شەپۆلە بێبەزەییەکانی دەریای ئیجە بەسەلامەتتر بزانن لەمانەوە لەنیشتمان.
هێمن، گەنجێکی دەرچوی
زانکۆیەو ئێستا لەفەرەنسایە، ئهو باس لهوهدهكات، "من نیشتمانم خۆشدەویست،
بەڵام نیشتمان وەک دایکێک نەبوو کە باوەشم بۆ بکاتەوە، زیاتر وەک زڕدایکێک بوو کە
تەنها کارو بێدەنگیی لێ دەویستم".
لەم ڕاپۆرتەدا
ناتوانیت چاوپۆشی لەو هەزاران گەنجە بکهیت کە بونە خۆراکی ماسییەکان یان لەسەرماو
سۆڵەی سنورەکاندا تەرمەکانیان گەڕایەوە، گەنجی کورد ئێستا لەنێوان دوو بەرداشدایە،
یان مەرگی هێواش لەناو بێکارییو بێهیواییدا، یان مەرگی خێرا لەڕێگەی قاچاخدا.
کۆچی گەنجان تەنها
دەرچونی سەرمایەی مرۆیی نییە، بەڵکو خاڵیکردنەوەی نیشتمانە لەڕۆح، تائەوکاتەی ژیانێکی
شکۆمەندانەو دادپەروەریی کۆمەڵایەتی نەبێتە واقیع، جانتاکانی کۆچ ناخرێنە زەوی،
پرسیارە جەوهەرییەکە بۆ دەسەڵاتدارانو کۆمەڵگە دەمێنێتەوە، ئایا نیشتمان تەنها خاکە،
یان ئەو شوێنەیە کە مرۆڤ تێیدا هەست بەکەرامەت دەکات؟
لەژورێکی ساردی یەکێک
لەگەڕەکە هەژارنشینەکانی شار، دایکێک بەدیار وێنەی کوڕەکەیەوە دانیشتوە کە سێ مانگە
هیچ هەواڵێکی نییە، وهكو دایكهكه وتى، "كوڕهكهم تەنها ویستی ژیانێکی شکۆمەندانەی
هەبێت"، ئەمە دواین ڕستەی دایکەکە بوو پێشئەوەی تێکەڵی گریان بێت، ئەمە تەنها
چیرۆکی خێزانێک نییە، بەڵکو چیرۆکی هەزاران گەنجی ئەم وڵاتەیە کە لەنێوان بێئومێدیی
ناوخۆو نادیاریی هەندەراندا، ڕێگەی دوەمیان هەڵبژاردوە.
دیاردەی کۆچی گەنجان
لەمدواییانەدا تەنها وەک ژمارەیەک لەئامارەکانی نەتەوەیەکگرتوەکاندا نەماوەتەوە، بەڵکو
بوەتە برینێکی قووڵ لەجەستەی کۆمەڵگەدا.
پسپۆڕانی کۆمەڵایەتی
ئاماژە بەوەدەکەن، نەبونی هەلی کار، ناسەقامگیریی سیاسییو تەمومژاویبونی داهاتوو،
پاڵنەری سەرەکین بۆ ئەوەی گەنجان ملی ڕێگەیەک بگرن کە کۆتاییەکەی یان گەیشتنە بەبەهەشتێکی
خەیاڵیی یان بون بەخۆراکی نەهەنگەکانی دەریا.
ئەحمەد یەکێکە لەو
گەنجانەی کە سێجار هەوڵیداوە لەڕێگەی دارستانەکانەوە بگاتە ئەوروپا، ئەو دەڵێت:"ئێمە
لێرە دەمرین بێئەوەی کەس بمانبینێت، لەوێش دەمرین، بەڵام لانی کەم جیهان دەزانێت کە
هەوڵماندا بۆ ژیان".
پرسیارەکە لێرەدا
ئەوەیە، تا کەی وڵات دەبێتە وێستگەی بەڕێکردنو خاکی وڵاتانی دیكهو دەبێتە مەزارگەی
خەونەکان؟ چاودێرانو شرۆڤهكاران پێیانوایه، چارەسەر تەنها بەداخستنی سنورەکان
نابێت، بەڵکو بەکردنەوەی دەرگای ئومێدە لەناوەوە، پێشئەوەی دواین گەنجی خاوەن بەهرەش
جانتاکەی بپێچێتەوە.
