شارپرێس:
لەنوێترین پەیامیدا سەبارەت بەپرسی کوردو ئاسۆکانی ئاشتی لەتورکیا، مستەفا قەرەسوو ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (كهجهكه) داوایەکی مێژویی ئاراستەی پەرلەمانی تورکیا دەکاتو ڕایدەگەیەنێت، "بەبێ داننان بەعەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک لایەنی سەرەکیی وتوێژ، هیچ پرۆسەیەکی سیاسی ناگاتە ئەنجام".
پەرلەمان وەک مەرجەعی یاسایی
قەرەسوو لەچاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی مێدیا خەبەر، جەختیکردەوە، کاتی ئەوەهاتوە، پەرلەمانی تورکیا بڕیارێکی فەرمی بدات بۆ ناساندنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک موفاوەزو لایەنی بەرامبەر لەپرۆسەی دۆزینەوەی چارەسەری دیموکراتیانە بۆ کێشەی کورد، ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە دەرفەتی تەواوو ئازادانەی بۆ بڕەخسێنرێت تاوەکو بتوانێت ڕۆڵی مێژویی خۆی بگێڕێت.
28 ساڵ لەگۆشەگیرییو قووڵبونەوەی فکری
ئەم سەرکردەیەی (كهجهكه) ئاماژەی بەوەکرد، پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی دژ بەئۆجەلان 28 ساڵە بەردەوامە، بەڵام لەو ماوەیەدا ئۆجەلان نەک هەر پاشەکشەینەکردوە، بەڵکو زیندانی کردوەتە ناوەندێکی گەورەی فکری، قەرەسوو وتی، "ئاپۆ ساڵی 2004وە مۆدێلێکی نوێی بۆ کۆمەڵگەی دیموکراتیو ئازادیی ژن پێشکەشکردوە کە تەنها بۆ کورد نییە، بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤایەتییە".
ڕەخنە لەدەسەڵاتی ئاکپارتی
لەبەشێکی دیكهى ڕاپۆرتەکەدا، قەرەسوو تیشکیخستەسەر مێژوی شکستهێنانی پرۆسەکانی ئاشتیو ڕایگەیاند، هەموو ئەو دەسپێشخەرییانەی ئۆجەلان بۆ ئاشتی دەستیپێکردن، لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بێوەڵام مانەوە، ههروهها دوای هەڵبژاردنەکانی 2015، حکومەتی ئاکپارتی بژاردەی شەڕی هەڵبژاردو بۆ ماوەی 10 ساڵ کەشێکی توندی ململانێی بەسەر ناوچەکەدا سەپاند".
پەیامێک بۆ ئێستا.. هەنگاوی کردەیی پێویستە
قەرەسوو ڕاپۆرتی لیژنەی پەرلەمانی تورکیای بە"ناکاتەو" وەسفکردو داوایکرد، "چیتر بەلێدوانی ناڕون کات بەفیڕۆ نەدرێت، ئەو پێیوایە کلیلی سەرەکی بۆ هەر پێشکەوتنێک، گۆڕینی مامەڵەی دەوڵەتە لەگەڵ ئۆجەلانو گواستنەوەی دۆسیەکە لەئەمنییەوە بۆ سیاسییو پەرلەمانی".
ئەم لێدوانانەی قەرەسوو لەکاتێکدایە کە شەقامی تورکیاو ناوەندە سیاسییەکان چاوەڕێی هەنگاوی جددی دەکەن، بەتایبەت دوای ئەو دەنگۆیانەی باس لەئەگەری دەستپێکردنەوەی جۆرێک لەگفتوگۆ دەکەن، پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە، ئایا پەرلەمانی تورکیا دەتوانێت ئەو بوێرییە نیشانبداتو ئۆجەلان وەک لایەنی سیاسیی قبوڵبکات؟
