قاڵیباف بۆ ئەمریکا: سەردەمی ڕاوکردنی فڕۆکەکانی F-35و F-15 دەستیپێکردو مۆتەکەکەتان بوو بەڕاستی

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 443 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بەفەرمی ڕایگەیاند، سەردەمێکی نوێ لەناوچەکەدا دەستیپێکردوە کە تێیدا فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا دەکرێنە ئامانج‌و ڕاودەکڕێن، هاوكات خشتەیەکی فەرمیی بڵاوکردەوە کە تێیدا زیانە ئاسمانییەکانی سوپای ئەمریکا بەتەواوی دۆکیۆمێنتکراون.


قالیباف لەپۆستێکدا لەهەژماری فەرمیی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) کە لەگەڵ خشتەی زیانەکانی ئەمریکادا هاوپێچیکردبوو، ڕایگەیاندوه‌، "بەڕاستی ئەو سەردەمە دەستیپێکرد کە تێیدا فڕۆکە پێشکەوتوەکانی جۆریF-35 و F-15ی ئێوە ڕاودەکرێن‌و ڕاوەدوو دەنرێن‌و ئێستا لێتان دەخرێتەڕوو کە ڕاپۆرت لەسەر قەبارەی ئەو زیانانە بدەن کە بەسەرتاندا هاتوە".

ناوبراو ڕوی دەمی کردوه‌ته‌ سەرکردەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل‌و وتویه‌تى، "ئەوەی لەڕابردودا بۆ ئێوە مۆتەکەیەکی ترسناک بوو، ئێستا بوەتە واقیعی ڕۆژانەتان، ڕاستییەکە قبوڵبکەن".

ئەو وێنەیەی کە سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بڵاویکردوەتەوە، نەخشەیەکی وردی زانیارییەکان پێشاندەدات سەبارەت بەو زیان‌و تێکشکاندنانەی کە بەر فڕۆکە، هێلیکۆپتەرو درۆنەکانی ئەمریکا کەوتون؛ لەنێویاندا تێکچونی فڕۆکەکانی گواستنەوەی سوتەمەنی‌و درۆنی سیخوڕیی.

ئەم لێدوانانە لەکاتێکدادێن کە پێش چەند ڕۆژێک، تۆڕی (سی بی ئێس)ی ئەمریکی ئاشکرایکردبوو، لەئەنجامی هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆسەر بنکەیەکی ئاسمانیی ئەمریکا لەئوردن، هه‌شت فڕۆکەی جۆری F-15 زیانی توندیان بەرکەوتوەو فڕۆکەیەکی جۆری A-10 Thunderboltیش یەکێک لەباڵەکانی لەدەستداوە.

هاوكات جۆن کۆردێل ئەفسەری پێشوی هێزی دەریایی ئەمریکا بەگۆڤاری (میلیتاری تایمز)ی ڕاگەیاندبوو، وێرانکردنی بنکەی پشتگیریی دەریایی ئەمریکا لەمەنامەی پایتەختی بەحرەین بەموشەکەکانی ئێران، هاوتایە لەگەڵ لەدەستدانی کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر.