شارپرێس:
لەسەر بنەمای لێکدانەوە فەلەکییەکانو شیکارییەکانی پێگەی مانگ، شارەزایهكى بواری کەشناسیو گەردونناسی ئاشكرایدهكات، ڕۆژی 8ی شوباتی 2027 یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دهبێتو ڕۆژی 9ی ئاداریش یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانه، بهوتهى ئهو شارهزایهى بوارى كهشناسىو گهردونناسى، "مانگی ڕەمەزانی ساڵی داهاتوو تەنها 29 ڕۆژ دەبێت".
لهلێدوانێكدا بۆ شارپرێس، سالار حاجی عەلی شارەزای بواری کەشناسیو گەردونناسی لەهەرێمی کوردستان، بهگوێرهى لێکدانەوە فەلەکییەکانو شیکارییەکانی جوڵەی مانگ، وادەی دەستپێکردنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزو یەکەم ڕۆژی جەژنی بۆ ساڵی داهاتوو (1448ی کۆچی) دیاریکردو دهڵێت، "مانگی ڕەمەزانی ساڵی داهاتوو 29 ڕۆژ دەبێت".
دهشڵێت، "بهگوێرهى لێکدانەوە گەردونناسییەکان، ڕۆژی 8ی شوباتی 2027 بەفەرمی دەبێتە یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان، ئەم پێشبینییەش دوای ئەوەدێت کە لەئێوارەی ڕۆژی 6ی شوباتدا لەکاتژمێر (18:55:59) بەکاتی هەرێمی کوردستان، خۆرو مانگو زەوی دەکەونەسەر یەک هێڵو مانگ نوێدەبێتەوە؛ بەڵام بەهۆی ئەوەی مانگ نزیکەی شهش کاتژمێرو نیو دوای نوێژی شێوان بۆ دەرکەوتنی هیلال دوادەکەوێت، لەو ئێوارەیەدا هیلالی مانگ بەچاو نابینرێت، بۆ ڕۆژی دواتر (7ی مانگ) تەمەنی هیلالەکە دەگاتە 18 بۆ 19 کاتژمێرو بەگەورەیی لەئاسماندا دەردەکەوێت، بۆیە لەڕوی زانستییەوە ڕۆژی 8ی شوبات دەبێتە یەکەم ڕۆژی ڕۆژوگرتن".
سەبارەت بەوادەی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانیش، ئەو شارەزا گەردونییە ئاشكرایكرد، "ڕۆژی 9ی ئاداری 2027 دەبێتە یەکەم ڕۆژی جەژن، چونکە لەڕۆژی 8ی ئاداردا کاتژمێر (12:29:22)ی دوانیوەڕۆ مانگ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان نوێدەبێتەوەو تا کاتی نوێژی شێوان تەمەنی هیلالەکە دەگاتە 30 بۆ 40 خولەک کە دەکرێت لەو ئێوارەیەدا بەئامێری تەلەسکۆپ هیلالەکە ببینرێتو هیچ مەرجێکی فەلەکی ڕێگریی لەڕاگرتنی جەژن ناکات".
سالار حاجی عەلی ئاماژەی بەوەشدا، هەرچەندە لەڕوی فەلەکییەوە جەژن تەنها چاوەڕوانکراوە لە9ی ئاداردابێت، بەڵام ئەگەر هەیە بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا، تەمو بارانەوە، هیلالەکە بەچاو نەبینرێتو پڕۆسەکە بهگوێرهى دابونەریتی بینین یەک ڕۆژ دوابکەوێتو بچێتە 10ی ئادار، کە ئەم دۆخە وەک ڕۆژی گومان (یوم الشك) لەزۆر ساڵدا دوبارە دەبێتەوە، وەک نەریتێکی ساڵانەش، وەزارەتی ئەوقافو کاروباری ئایینیی هەرێم لەئێوارەی کۆتایی مانگدا بۆ بینینی هیلالی مانگ لەسەر کێوە بەرزەکان کۆدەبنەوە بۆ بڕیاری فەرمی.
