شارپرێس:
شێوازی تەقلیدیو کۆنی دابەشکردنی موچەی هێزەکانی پێشمەرگە بەشێوەی نەختینە
(کاش)و لەڕێگەی بانکەکانەوە بەفەرمی کۆتاییهات؛ وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی
کوردستانیش ڕایگەیاند، لەم مانگەوە سەرجەم موچەخۆرانی وەزارەتەکە تەنها لەڕێگەی
ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM)هوە موچەکانیان وەردەگرن.
لیوا توانا سدیق بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی سەربازیی لەوەزارەتی پێشمەرگە
لەلێدوانێکی فەرمیدا ڕایگەیاندوه، "پڕۆسەی دابەشکردنی دەستیی موچە بەتەواوی
کۆتاییهاتوەو لەئێستادا زیاتر لە 99٪ی هێزەکانی پێشمەرگە لەپڕۆژەی (هەژماری من)دا
تۆمارکراون".
ئاشکراشیکرد، لەم مانگەدا بەنزیکەیی سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لەڕێگەی کارتە
بانکییەکانو ئامێرەکانی ڕاکێشانەوە پارەی موچهكانیان وەرگرتوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی سەربازیی سوپاسی بەڕێوەبەرو سەرجەم کارمەندانی
بانکەکانی هەرێمی کوردستانی کرد کە تەنانەت لەکاتەکانی پشوشدا بەردەوامبون لەڕاییکردنی
مامەڵەی هێزەکانی پێشمەرگەو سەرخستنی ئەم پڕۆسە نیشتمانییە.
ئەم وەرچەرخانە تەکنەلۆژییو داراییە دوای ئەوەدێت، بهگوێرهى بڕیارەکانی
پێشوی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، مانگی ئەیلولی 2026 (واته ئهم مانگى نۆیه) وەک
دواین وادەو مۆڵەت دیاریکرابوو بۆ ئەوەی موچەخۆران بەشێوازی کاش پارە وەربگرن؛ ئەم
بڕیارەش بوە هۆی خێراکردنی پڕۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی موچەو دیجیتاڵکردنی سیستەمی
دارایی لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستانداو سەرجەم ڕێکارەکانی لەبەرژەوەندیی گواستنەوەی
سیستەمەکە یەکلاکردەوە.
