كه‌نه‌كه‌ دۆسیەی نوێنەرایەتیی 60 ملیۆن کورد لەنەتەوەیەکگرتوەکان کارادەکات‌و نامەیەکی بەپەلە ئاراستەی گۆتێرێس دەکات

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2795 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بەفەرمی بانگهێشتنامەیەکی گرنگی ئاڕاستەی سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن‌و میدیاکاران کردوە بۆ ڕوماڵکردنی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیی بەپەلە لەژێر ناونیشانی (نوێنەرایەتیی کورد لەنەتەوەیەکگرتوەکان)، ئەم پێشهاتە سیاسییە نوێیە، دوای ئەوەدێت کە کەنەکە نامەیەکی فەرمیی لەمبارەیەوە ئاڕاستەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان کردوەو دۆسیەکەی بردوەتە قۆناغێکی ستراتیژیی نوێوە.


کەنەکە لەبەیاننامەکەیدا تیشکیخستوەتەسەر غەدرێکی مێژویی‌و ڕایگەیاندوە، سەره‌ڕای ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی کوردستان نزیکەی 60 ملیۆن کەسە، بەڵام گەلی کورد وەک گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت لەجیهاندا، تائێستا هیچ جۆرە دانپێدانانی یاسایی‌و نوێنەرایەتییەکی فەرمیی لەناو ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان‌و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا نییە.

کەنەکە ئاماژەی بەوەشداوە، لەدوای کۆبونەوەی گشتیی خۆیان لەسەرەتای حوزەیرانی 2026دا، بڕیاری جدی دراوە تا کار بۆ ئەوە بکرێت کورد بەفەرمی وەک ئەندامی چاودێر لەڕێکخراوەکانی سەر بەنەتەوەیەکگرتوەکاندا وەربگیرێت.

بەیاننامەکە جەختیكردوه‌ته‌وه‌، ئەم پڕۆژە نەتەوەییە بەچەند کۆبونەوەیەکی کورت‌و پێشکەشکردنی چەند نامەیەک چارەسەر نابێت‌و پێویستی بەهاوکاریی نێودەوڵەتی‌و ناوخۆیی هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش، داوا لەسەرجەم لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکان‌و پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی کوردستان کراوە لەئاستێکی باڵادا پاڵپشتیی کەمپینەکان بکەن‌و هەڵمەتی بەهێزی وەک (کۆکردنەوەی واژۆ) لەسەرتاسەری جیهاندا دەستپێبکەن تا دەنگی ڕەوای گەلی کورد بگاتە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان.

بڕیارە ئەو کۆنفرانسە گرنگە لەڕۆژی شەممە 3ی ئۆکتۆبەری 2026، کاتژمێر 10ى سەرلەبەیانی لەهۆڵی زانکۆی برۆکسل لەبەلژیکا بەئامادەبونی کەسانی پسپۆڕو ئەکادیمی‌و نوێنەرانی پارت‌و ڕێکخراوە کوردستانییەکان بەڕێوەبچێت، تا تێیدا پێکەوە بۆچون‌و هەڵوێستێکی یەکگرتوی کوردستانی بۆ ڕای گشتیی جیهان بخەنەڕوو پلانی چالاکییەکانی داهاتوو دابڕێژن.