شارپرێس:
چای گەرمو ساردکراوە چەندین سودی تەندروستییان هەیە، بەڵام یەکێکیان لەڕێژەی دژەئۆکسێنەرەکاندا لەوەی دیكه بەهێزترە، بهگوێرهى ماڵپەڕی "ڤێری وێڵ هێڵس"، ئەم جیاوازییە بەپلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی ئامادەکردنیان.
چای گەرم دەوڵەمەندترە بەدژەئۆکسێنەر
ئاوی گەرم یاریدەدەری هەڵوەشاندنەوەی گەڵاکانی چای دەداتو بڕێکی زیاتر لەدژەئۆکسێنەرو ئاوێتە ڕوەکییەکان دەردەدات، لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی 2023 دەریخستوە کە چای ئامادەکراو بەئاوی گەرم دژەئۆکسێنەری زیاتری تێدایە بەبەراورد بەو چایەی لەئاوی سارددا دەکوڵێنرێت، بەتایبەت چای سەوز، بەکارهێنانی ئاوی زۆر گەرم دەبێتە هۆی دەرھێنانی زیاتری پۆلیفینۆلەکان کە تەندروستیی بۆرییەکانی خوێن دەپارێزنو بەرگریی جەستە بەهێز دەکەن.
چای ساردکراوە
دەکرێت بەئاوی گەرم ئامادەبکرێتو دواتر ساردبكرێتەوە، یان بەڕێگەی نوقمکردن لەئاوی سارددا بۆ ماوەی 8 تا 16 کاتژمێر ئامادەبکرێت، ئەم شێوازەی دوەمیان تامێکی نەرمترو کەمتر تاڵ بەچایەکە دەبەخشێت، بەڵام نەبونی گەرمی دەبێتە هۆی دەرهێنانی دژەئۆکسێنەری کەمتر، ئاستی دژەئۆکسێنەرەکان بهگوێرهى جۆری چایەکەش دەگۆڕێت؛ بۆ نمونە لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی 2019 نیشانیدا کە چای ڕویبۆس (Rooibos) چ بەگەرمی یان بەساردی ئامادەبکرێت، ئاستی دژەئۆکسێنەرەکانی لێک نزیکن.
چۆن سودی زیاتر بەدەستدەهێنیت؟
چای سارد دەکرێت سەرەتا بەئاوی گەرم دروستبکرێتو دواتر بخرێتە سەلاجەوە بۆ ئەوەی ڕێژەیەکی زیاتر لەدژەئۆکسێنەرەکان بپارێزرێت، باشترە لەبری شەکرو شیرینییەکان، پارچە میوە بۆ تەمکردنی بەکاربهێنرێت، بەگشتیی هەردوو جۆرەکە پێکهاتەی بەسودیان تێدایە، بەڵام چای گەرم لەڕوی بڕی دژەئۆکسێنەرەوە لەپێشترە.
وهكو شارپرێس بۆیه گرنگیمان بهم زانیارییهدا، چونكه بهگوێرهى ئامارە نێودەوڵەتییەکانی لیژنەی نێودەوڵەتیی (چا)و پێوەرەکانی بازاڕ، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی بەرزترین ئاستی بەکارھێنانی (چا)ی لێ تۆمارکراوە لەجیهاندا.
عێراق لەسەر ئاستی جیهان لەپلەی نۆیەمدایە بۆ هاوردەکردنی (چا)و لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش لەپلەی سێیەمدایە (دوای میسرو مەغریب) بەهاوردەکردنی 68 هەزار تۆن چا لەساڵێکدا، عێراق وەک یەکەمین هاوردەکاری چای سریلانکی (سیلان) لەجیهاندا دادەنرێتو ساڵانە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار لەکڕینی (چا)دا خەرجدەکات، ئەم ئامارانە دەیسەلمێنن کە چا لەعێراقدا تەنها خواردنەوەیەک نییە، بەڵکو بەشێکە لەناسنامەی کولتوریی ڕۆژانەی خەڵک کە لەهاوینو زستاندا بەگەرمی دەخورێتەوە.
