شەڕی قورس لەدەوروبەری بابولمەندەب ده‌ستیپێكردو هێزە حکومییەکانی یەمەن وه‌ڵامى حوسیه‌كان دەدەنەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2331 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شەڕو پێكدادانە مەیدانییەکان لەکەناراوەکانی یەمەن‌و دەوروبەری گەروی ستراتیژیی بابولمەندەب چونە قۆناغێکی زۆر هەستیارەوە، هێزە حکومییەکانی یەمەن بەرپەرچی زنجیرەیەک هێرشی چڕی چەکدارانی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان)یان دایەوە کە دەیانەوێت دەستبەسەر بەرزاییەکانی ڕۆژهەڵاتی گەروی بابولمەندەب‌و ناوچەکانی ڕۆژئاوای پارێزگای تەعەزدا بگرن؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە حوسییەکان کار بۆ جێگیرکردنی پێگەکانی خۆیان لەناودڵی گەروەکە، دورگەی "مەیون"‌و کەناراوەکانی ڕۆژئاوا دەکەن.


سەرچاوە سەربازییە حکومییەکان ڕایانگەیاندوە، لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردودا، هەردوو بەرەی (کەهبوب‌و وازعیە) شایەتی شەڕێکی یەکجار قورس بون کە هاوکات بوە لەگەڵ وەشاندنی گورزی ئاسمانی لەکوبونەوەو ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی حوسییەکان‌و هێزە حکومییەکانیش توانیویانە چەندین هەوڵی پێشڕەویی ئەو گروپە پوچەڵبکەنەوە، ئەم پەرەسەندنانە لەکاتێکدادێن کە ململانێکان لەبەرەکانی تەعەزو مارب بەردەوامن‌و بەهۆی بۆردومانەکانیشەوە چەندین قوربانی لەڕیزەکانی مەدەنییەکاندا کەوتوەتەوە، هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی سەرکردایەتیی یەمەن بۆ دوبارە جێگیرکردنەوەی هێزەکان.

لەلایەکی دیکەوە، ڕەشاد عەلیمی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتیی یەمەن ڕایگەیاند، هێزە حکومییەکان توانای تەواویان هەیە بۆ وەرگرتنەوەی جڵەوی دەستپێشخەرییە سەربازییەکان لەکەناراوەکانی ڕۆژئاوا؛ ناوبراو دوپاتیکردەوە، ئۆپەراسیۆنەکان لە(تەعەز، مارب، لەحج، جەوف، حەججە، بەیزاو زالێ) بەردەوامدەبن بۆ پاراستنی تەواوی خاک، کەناراوەکان‌و ئاوە هەرێمییەکانی وڵات لەهەر جۆرە مەترسییەک.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی‌و لەکاردانەوەی ڕاستەوخۆی تێکچونی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەدا، کایا کالاس بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بەفەرمی ڕایگەیاند، ئەرکی دەریایی یەکێتیی ئەوروپا لەدەریای سوردا کە بەپڕۆژەی (ئەسپێدس) ناسراوە، ئاستی ئامادەباشیی تەواوی کەشتییە جەنگییەکانی خۆی بەهۆی خراپبونی بارودۆخەکە لەناوچەکەدا بەرزکردوەتەوە، تا بتوانن پارێزگاری لەگەشتە دەریاییەکان‌و کەشتییە بازرگانییەکان بکەن.