شارپرێس:
لەوەڵامێکی تونددا بۆ بەرفراوانبونی جوڵە سەربازییەکانی ناتۆ، سەرۆکی ڕوسیا، بەفەرمی ڕایگەیاند، بەهێزکردنی سیستەمی سێقۆڵیی چەکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی (کە هێزەکانی سەر زەوی، ژێردەریاییو ئاسمانی دەگرێتەوە) لەپێشینەی ڕەهاو بێ گۆڕانی مۆسکۆیە بۆ پاراستنی سەروەریی نیشتمانی؛ پوتن ئاستی نوێکردنەوەی هێزە موشەکییە ستراتیژییەکانی بە 92٪ ئاشکراکردو هاوکات هێرشی توندیکردەسەر وڵاتانی ڕۆژئاوا کە گەلی ئۆکرانیایان کردوەتە سوتەمەنی جەنگ لەژێر سایەی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرییو گەندەڵدا، هۆشداریی بڕیاردەرانیشیدایە سەرکردە ئەوروپییەکان کە هێزەکانی ڕوسیا بۆ وەڵامدانەوەی هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆسەر کەشتییەکانیان لەدەریای بەڵتیقدا لەوپەڕی ئامادەباشیدان.
ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا ڕایگەیاند، بەهێزکردنی (سێقۆڵی ئەتۆمیی ڕوسیا واته موشەکی کیشوهربڕ، ژێردەریایی ئەتۆمیو بۆردومانکەری ستراتیژیی) لەپێشینەی ڕەهای کارەکانیانەو وەک گەرەنتییەکی سەرەکی بۆ پاراستنی سەروەرییو سەربەخۆیی وڵاتەکەی دەمێنێتەوە، بەتایبەت لەمکاتەدا کە هەڕەشەکانی هاوپەیمانیی ناتۆ بەردەوامنو کار بۆ فراوانکردنی تواناکانی دەکات.
پوتن ئاشکرایکرد، ئاستی نوێکردنەوەی چەکو تەقەمەنی لەنێو هێزە موشەکییە ستراتیژییەکانی ڕوسیادا گەیشتوەتە 92٪، فەرمانیشیدا بەتەواوکردنی کۆمەڵەی مانگە دەستکردە بۆشاییەکان بۆ بەڕێوەبردنی هێزە سەربازییەکانو بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی ئاسمانی یان بۆشایی.
سەبارەت بەدۆخی ئەوروپاش، پوتن جەختیکردەوە، مۆسکۆ هیچ نیازێکی دوژمنکارانەی بەرامبەر بەئەوروپا نییەو ئامادەی گێڕانەوەی پەیوەندییەکانە، بەڵام سەرکردە ئەوروپییەکان دەیانەوێت لەڕێگەی قسەکردن لەسەر شەڕی ڕوسیا، شکستی خۆیانو پاشەکشێی جەماوەریی حیزبەکانیان بشارنەوە، لەکاتێکدا گەلانی ئەوروپا لەهەڵبژاردنەکاندا نەیاریی خۆیان بۆ شەڕ دەربڕیوە.
سەرۆکی ڕوسیا هێرشی توندیکردەسەر دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیاو ڕایگەیاند، وڵاتانی ڕۆژئاوا گەلی ئۆکرانیا وەک سوتەمەنی تۆپ بەکاردەهێننو حکومەتەکەی کیێڤ لەلایەن گروپێکی گەندەڵو دزی پارەی دەوڵەتەوە بەڕێوەدەبرێت کە پڕۆسەی هەڵبژاردنیان پەکخستوەو ڕێگرن لەئاشتی، بەڵام دەیانەوێت خۆیان وەک داکۆکیکار لەدیموکراسی پیشانبدەن لەکاتێکدا بونەتە دیکتاتۆریەت.
پوتن لەکۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەمانۆڕەکانی ئەوروپا لەدەریای بەڵتیق کرد کە تێیدا ڕاهێنان لەسەر دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە مەدەنییەکان دەکرێت، هۆشداریی بڕیاردەرانیشیدایە سەرکردە ئەوروپییەکان کە هێزەکانی ڕوسیا بۆ وەڵامدانەوەی هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆسەر کەشتییەکانیان لەدەریای بەڵتیقدا لەوپەڕی ئامادەباشیدان.
