ئیمارات خۆى بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئێران ئاماده‌ ده‌كات

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2291 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی بەرگری ئیمارات ڕایگەیاند، هێزە بەرگرییەکانی وڵاتەکەی توانیویانە بەسەرکەوتویی بەرپەرچی هێرشێکی موشەکی بالیستی ئێران بدەنەوە، وتەبێژی وەزارەتەکەش ده‌ڵێت، "هێزە چەکدارەکان لەحاڵەتی ئامادەباشی تەواودان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر هەڕەشەیەک کە ئاسایشی نیشتمانی بکاتە ئامانج".


عەبدولناسر حەمیدی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئیمارات لەلێدوانێکدا به‌سکای نیوز عەرەبی وتوه‌، "ئیمارات ڕوبەڕوی هێرشێکی ئاشکرای موشەکە بالیستییەکانی ئێران بوەته‌وە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بەلێهاتوییەکی بەرزەوە مامەڵەی لەگەڵ هێرشەکە کردو ژمارەیەک موشەکی تێکشکاند".

حەمیدی ئاماژەی بەوەشکرد، پاشماوەی موشەکە تێکشکاوانەکان لەناوچە نیشتەجێبوەکانی شاری ئەبوزەبی کەوتونەتەوە، بەهۆی ئەم ڕوداوەشەوە، کەسێکی خاوەن ڕەگەزنامەی ئاسیایی گیانی لەدەستداوە‌و زیانی مادیش بەر هەندێک شوێن کەوتوە.

وتەبێژەکە ئاشکرایکردوه‌، بەرگریی ئاسمانی ئیمارات بەرپەرچی شەپۆلێکی دوەمی موشەکەکانی ئێرانی داوەتەوە کە ئاراستەی دەوڵەت کرابون، بەڵام ئەمجارەیان هیچ زیانێکی لێنەکەوتوەتەوە.

وەزارەتی بەرگری ئیمارات دڵنیایی به‌هاوڵاتیانى وڵاته‌كه‌ى داوه‌، دۆخی ئەمنی لەژێر کۆنترۆڵدایەو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام چاودێریی پەرەسەندنەکان دەکەن، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ داوای لەخەڵک کردوه‌، "ژیانی ئاسایی خۆیان بەردەوام بکەن‌و زانیارییەکان تەنها لەسەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن‌و دوربکەونەوە لەبڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەو هەواڵی ناڕاست".