ئایا دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن‌و تاران تەنها یارییەکی ئەمریکییەکان بوو؟

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1312 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای زنجیرەیەک هەوڵی دیپلۆماسی چڕو لێدوانی ئومێدبەخش بۆ ڕێگریکردن لەپێکدادان، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکی دیكه‌ کەوتە ناو قۆناغێکی نوێ‌و مەترسیدارەوە،  ئەوەش لەکاتێکدا بەدر ئەلبوسەعیدی وەزیری دەرەوەی سوڵتانی عومان کە وڵاتەکەی ڕۆڵی نێوەندگیری لەنێوان واشنتۆن‌و تاران دەگێڕا، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، پێشکەوتنی بەرچاو لەدانوستانەکانی ژنێف بەدەستهاتوە. 


ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، ئێران ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەرئەوەی بەهیچ شێوەیەک یۆرانیۆمی پیتێنراو عەمبار نەکات، ئەمەش وەک وەرچەرخانێکی مێژویی وەسفکرا کە دەتوانێت ڕێگریی لەجەنگ بکات، بەڵام ئەم گەشبینییە زۆری نەخایاند، چونکە لەکاتژمێرە سەرەتاییەکانی ڕۆژی شەممە 28ی شوباتی 2026، ئەمریکاو ئیسرائیل هێرشێکی سەربازیی بەرفراوانیانکردەسەر ئێران.

دۆناڵد تره‌مپ سەرۆکی ئەمریکا ئەو هێرشەی بەپاراستنی گەلی ئەمریکا لەمەترسییە ڕاستەوخۆکانی ڕژێمی ئێران ناوزەدکرد، بەڵام چاودێرانی سیاسیی گومانیان لەڕاستیی‌و دروستی ئەم پاساوانە هەیە.

مارکوس شنایدەر بەرپرسی پڕۆژەی ئاشتیی‌و ئاسایشی ناوچەیی لەدامەزراوەی فریدریش ئێبەرت، پێیوایە هیچ جۆرە تێگەیشتنێکی هەڵە لەئارادا نەبوە، بەڵکو ئەوەی وەزیری دەرەوەی عومان کردی تەنها دوایین هەوڵبوو بۆ ڕێگریکردن لەهەڵگیرسانی جەنگ، چونکە لایەنی ئەمریکی جۆش‌و خرۆشێکی ئەووتۆی بۆ سەرکەوتنی دانوستانەکان نەبوە.

شنایدەر دەڵێت، داواکارییەکانی واشنتۆن لەئاستێکدا بون کە وەک داوای خۆبەدەستەوەدانی تەواوەتی ئێران وابون، ئەمەش شتێکە کە تاران هەرگیز قبوڵی نەدەکرد.

لەلایەکی دیكه‌وه‌، زیبا میرزائی شارەزای کاروباری ئێران لەپەیمانگه‌ی ئەڵمانی بۆ توێژینەوەی جیهانی‌و ناوچەیی، جەختدەکاتەوە، لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی عومان لەخۆڕا نەبون، بەڵکو ویستویەتی ئەو دەرفەتە زێڕینە بخاتەڕوو کە ئەمریکا بەهێرشکردنەسەر ئێران لەدەستیدەدات.

میرزائی دەشڵێت، "جێگیرکردنی کەشتییە جەنگییەکان لەناوچەکەدا بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک، نیشانەی ئەوەبوە کە ئەمریکا بەنیازێکی سەربازییەوە هاتوەو تەنها بۆ نمایشکردنی هێز نەبوە".

سەبارەت بەپاساوەکانی تره‌مپ بۆ هێرشەکە، شارەزایان دەڵێن، متمانە بەو لێدوانانە زۆر کەمە، بەجۆرێک شنایدەر پێیوایە، واشنتۆن هەڵەی لەهەڵسەنگاندنی سروشتی ڕژێمی ئێراندا کردوە، چونکە چاوەڕوانی ئەوەیان دەکرد تاران لەژێر فشاری سەربازیدا پاشەکشە بکات، بەڵام سیستەمێکی ئایدۆلۆژی لەو شێوەیە بەئاسانی تەسلیم نابێت".

ئەو دەڵێت، ئەمە جەنگێکی ئارەزومەندانەیە کە ئەمریکا خۆی ویستویەتی بەرپای بکات، نەک لەبەربونی مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆسەر خاکی ئەمریکا.

میرزائی ئاماژە بەوەدەکات، ستراتیژی تره‌مپ هەمیشە لەسەر بنەمای زیادکردنی فشار بۆ وەرگرتنی زۆرترین ئیمتیاز بونیادنراوە، بەڵام ئەمجارە دۆخەکە جیاوازە، چونکە ئێران وەک عێراقی ساڵی 2003 نییە، هاوکات، شێوازی هێرشەکە کە تێیدا ئیسرائیل بەچەند چرکەیەک پێش ئەمریکا دەستیپێکرد، وەک پلانێکی تاکتیکی بۆ ڕازیکردنی لایەنگرانی تره‌مپ لێکدەدرێتەوە.

ئێستا ناوچەکە لەبەردەم داهاتویەکی ناڕوندایەو کات دیاریدەکات کە ئایا ئەم پەرەسەندنە سەربازییە دەبێتە هۆی ڕێککەوتنێکی نوێ یان ناوچەکە بەرەو وێرانکارییەکی گەورەتر دەبات.