شارپرێس:
ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە یەکەم دەرکەوتنیدا دوای کوژرانی عەلی خامنەیی پەیامێك ئاڕاستەی ئەمریكاو ئیسرائیل دەكات و دەڵێت، "بەم دڵ سوتاویەمانەوە دڵتان دەسوتێنین" و ڕاشیگەیاند کە بژاردەی بەرگرییان هەڵبژاردوەو بەتوندی وەڵامی ئەمریکاو ئیسرائیل دەدەنەوە؛ جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکە بەکۆچی دوایی ڕێبەرەکەیان ناڕوخێت و گەلی ئێران پیلانی دابەشبونی وڵاتەکەیان شکست پێهێناوە.
عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ڕوو لەبەرپرسانی واشنتۆن و تەلئەڤیڤ دەكات و دەڵێت،" ئەمریکاو ئیسرائیل دڵی گەلی ئێرانیان سوتاند، ئێمەش بەهەمان شێوە دڵی ئەوان دەسوتێنین".
لاریجانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کردەوەیە بێ وەڵامێکی کوشندە تێناپەڕێت.
لاریجانی ئاماژەی بەوەشکرد کە وڵاتانی ئیستعمارگەر کاتێک دەچنە تەنیشت وڵاتێکەوە، مەبەستی سەرەکییان تاڵانکردنی ژێرخان و سەرخانی ئەو وڵاتەیەو وتیشی،"ئەمریکاو ئیسرائیل تەنیا مەبەستیان لێدانی ڕێبەرایەتی نییە، بەڵکو بەدوای دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی ئێرانەوەن تاوەکو وڵاتەکە بەرەو هەڵوەشاندنەوە ببەن.
ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران جەختی لەوەشکردەوە کە لەنێوان دوو بژاردەی خۆبەدەستەوەدان و بەرگری، کۆماری ئیسلامیی ئێران بژاردەی بەرگریی هەڵبژاردوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە تاران ئامادەیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەیەکی سەربازیی درێژخایەن تاوەکو پارێزگاری لەسەروەریی خاکەکەی بکات و ڕێگری لەهەر جۆرە دەستوەردانێکی بیانی بگرێت.
لاریجانی ڕەخنەی لەو لایەنانە گرت کە پێیان وایە بەکوژرانی عەلی خامنەیی، کۆماری ئیسلامیی ئێران توشی داڕوخان دەبێت. ناوبراو ڕایگەیاند، "هەر کەسێک پێی وابێت بەمردنی ڕێبەر، ئێران دەکەوێت، بەهەڵەدا چوە".
هەروەها جەختی کردەوە کە گەلی ئێران پێشتریش توانیویەتی پیلانی بیانییەکان بۆ دابەشبونی وڵاتەکەیان شکست پێبهێنێت و ئێستاش یەکگرتوترن لەجاران.
