ئێرانی دوای خامنەیی: کوشتنی ڕابەری جەنگ و بەجێهێشتنی ڕاوێژکاری ئاشتی!

توێژینەوە و شیکاریی

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 43 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئەمریکا جەنگی دژی ڕژێمی ئێران ناکات، بەڵکو دەستوەردان لە ململانێ ناوخۆییەکانی ڕژێمدا دەکات! نووسینی: ڕەوا موسا ئۆپەراسیۆنێکی نەشتەرگەرییانە و ئامانجدار: کاتژمێر ٢:٣٠ی بەیانی ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦، ئاسمانی تاران بە فیشەک و مووشەک ڕووناک بووەوە. هێرشێکی ئاسمانی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل، کە بە وردی پلانی بۆ دانرابوو، شەقامەکانی پایتەخت و چەند پارێزگایەکی تر لەرزاند. دوای چەند کاتژمێرێک، هەواڵێک جیهانی هێنایە لەرزین: عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای ئێران و جێنشینی ئیمام خومەینی، کوژرا. بەڵام خامنەیی تەنها نەبوو. لەگەڵیدا، فەرماندەی سوپای پاسداران، وەزیری بەرگری، سەرۆکی دەزگای ئەتۆمی، و چەندین فەرماندەی باڵای دیکەش کوژران.

ئەم ئۆپراسیۆنە بەشێک نەبوو لە جەنگێکی ئاسایی و هەڕەمەکییانە، بەڵکو ئۆپەراسیۆنێکی نەشتەرگەرییانە و مەبەستدار بوو بۆ لابردنی پارچەکانی سیستەمی توندڕەوی لە ئێران. بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەمەیە: ئایا ئەم هێرشە هەموو پێکهاتەکانی دەسەڵاتی لەناوبرد، یان بە ئەنقەست هەندێکی بەجێهێشت بۆ ڕابەرایەتیکردنی قۆناغی داهاتوو؟ لەم وتارە شیکارییەدا، لەوە دەکۆڵینەوە کە چۆن ئەمریکا بە ئەنقەست توندڕەوەکانی کردە ئامانج، بەڵام پراگماتیست و ڕیفۆرمستەکانی بەجێهێشت، و ئەمەش چی لە داهاتووی ئێران دروست دەکات. میکانیزمی گواستنەوە: ڕابەرایەتی ئێران دەکەوێتە دەستی کێ؟ سەرەڕای گەورەیی و فراوانی هێرشەکان کە زیاتر لە 48 فەرماندە و کەسایەتی دیاری ئێرانی تێدا کوژراون، بەڵام کۆمارەکە بە تەواوی بێ قیادە نەماوە. بەپێی یاسا ئەنجومەنی کاتی ڕێبەرایەتی پێکهێنرا کە پێکهاتووە لە سەرۆک کۆمار مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری غوڵامحوسێن محسەنی ئێژەیی، و عەلی ڕەزا ئەعرافی. ئەم ئەنجومەنە بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات تا هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێ لەلایەن ئەنجومەنی شارەزایانەوە. بەڵام کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە: خامنەیی بە درێژایی ٣٧ ساڵ دەسەڵاتی خۆی، بە ئەنقەست هەموو کەسایەتییەکی بەهێزی تری لە ناو سیستەمەکەدا لاواز کردبوو بۆ ئەوەی رکابەری نەبێت. لە ئەنجامدا، هیچ جێگرەوەیەکی ڕوون و یەکلایی بۆ پۆستی ڕێبەرایەتی بوونی نییە. ئەم بۆشاییە، دەرفەتێک بۆ هەموو لایەنە سیاسی و سەربازییەکان ڕەخساندووە بۆ ئەوەی ململانێیەکی ناوخۆیی دەستپێبکەن بۆ دیاریکردنی ڕابەری باڵا. لە ڕاپۆرتە سەربازی و سیخوڕییەکاندا، ڕوونە کە ئەمریکا و ئیسرائیل زۆر بە وردی ئامانجەکانیان دیاری کردبوو. ئەم ئامانجانە دەکرێت بۆ سێ کۆمەڵە دابەشبکرێن: 1-عەلی خامنەیی: وەک "ڕابەری ئایدیۆلۆژی" سەرەکیترین ئامانج بوو . 2-فەرماندە باڵاکانی پاسداران: لەوانە فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران و وەزیری بەرگری و چەندین فەرماندەی دیکەی موحافزکار و سەرکێش و توندڕەو. 3-زانایانی مووشەکی و ئەتۆمی: زنجیرەیەک لە زانایانی ناوەکی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیدار بوون بە پڕۆگرامی مووشەکی بالیستیک و ئەتۆمی. ئەمەش نیشانی دەدات کە ئەمریکا تەنها بەدوای لابردنی کەسایەتییەکەوە نەبووە ، بەڵکو بەدوای لەناوبردنی سیستەمی فەرماندەیی و تەکنەلۆژیای سەربازیی ئێرانەوەیە. بەڵام ڕیفۆرمست و پراگماتیستەکان نەکرانە ئامانج لە بەرامبەردا، دوو گرووپی سەرەکی هەن کە "بەئەنقەست" لە هێرشەکان دوورخرانەوە: 1- ڕیفۆرمستەکان: کەسایەتییەکانی وەک مەسعود پزیشکیان (سەرۆک کۆمار) و محمد خاتەمی رابەری باڵای رۆحی ریفۆرمستەکان و حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران. 2- پڕاگماتیستە موحافزکارەکان: بە تایبەتی عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی باڵای ئاسایش. لاریجانی ئەو کەسەیە کە خامنەیی خۆی وەک "پیاوی ئەم قەیرانە" دیاری کردبوو بۆ بەڕێوەبردنی وڵات لە کاتی جەنگدا . لە مانگەکانی پێش هێرشەکە، لاریجانی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی عومان ڕایگەیاندبوو کە دەبێت دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا تەنها لەسەر پرسی ئەتۆمی سنووردار بکرێن، کە ڕوانینێکی پراگماتیک و دانوستانکاری بوو . پێشبینییە هەواڵگرییەکان: لەناوبردنی دوژمنە سەرسەختەکان، بەڵام جێهێشتنی ڕاوێژکارە کەمتر مەترسیدارەکان. ڕاپۆرتەکانی(CIA) کە پێش هێرشەکە ئامادەکرابوون، ئاماژەیان بەوەدابوو کە دوای کوژرانی خامنەیی، ئەگەرێکی زۆر هەیە کە دەسەڵات نەکەوێتە دەست ڕیفۆرمستەکان، بەڵکو بکەوێتە دەست پاسداران . بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەم ڕاپۆرتانە ئاماژەیان بەوەشکردبوو کە لە ناو سیستەمەکەدا، کەسایەتییەکی وەک لاریجانی دەتوانێت ڕۆڵی سەرەکی هەبێت لە ڕێکخستنی قۆناغی دوای قەیران، بە تایبەتی لە دانوستانە دیپلۆماسییەکاندا. لاریجانی، کە خۆی پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ پاسداراندا هەیە بەڵام ڕوانینێکی سیاسەتی کاریگەرانەشی هەیە، بووەتە ئەو "ڕێگای ناوەڕاست"ی کە ئەمریکا پێویستی پێی بووە. بەزیندووهێشتنەوەی ئەم ریفۆرمست و موحافزکارە پڕاگماتیانە ئەمریکا جیاواز لە نیەتی ئیسڕائیل بۆ لەناوبردنی تەواوەتی ڕژێم، بیر لەشتێکی تر دەکاتەوە کە دەکرێت لە سێ خاڵدا چڕبکرێنەوە: 1. پێکهاتەکانی دەسەڵات لەوە بپارێزێت کە بە تەواوی لەناوببرێن. 2. کەسێکی دانوستانکار لەسەر کار بمێنێتەوە بۆ دانوستانەکانی داهاتوو. 3. پاسداران بەبێ رکابەر جێنەهێڵێت و مەیدانەکەی بۆ چۆڵ نەکات کە دەست بەسەر تەواوی جومگەکانی ئێراندا بگرێت. سیناریۆکانی دواڕۆژ: کێ دەسەڵات دەگرێتەدەست؟ ئێستا کە خامنەیی و تیمی سەربازی باڵای لەناوچوون، ئێران ڕووبەڕووی چەند سیناریۆیەک بووەتەوە: سیناریۆی یەکەم: زاڵبوونی پاسداران ئەمە مەترسیدارترین سیناریۆیە. پاسداران کە هێشتا پێکهاتەکانیان ماوە، دەتوانن دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرن. ئەگەر ئەمە ڕووبدات، ئێران دەگۆڕێت بۆ دەوڵەتێکی سەربازی کە تیایدا ژەنەڕاڵەکان بڕیار لەسەر شەڕ و ئاشتی دەدەن، بەبێ پابەندبوون بە یاسا و دەستور . ئەمە ئێران دەکاتە وڵاتێکی توندڕەوتر و تۆڵەسێنەر. سیناریۆی دووەم: دەسەڵاتی پراگماتیستەکان لەم سیناریۆیەدا، کەسایەتییەکی وەک عەلی لاریجانی دەتوانێت بە هاوکاری سەرۆک کۆمار و دەسەڵاتی دادوەری، دەست بەسەر دۆخەکەدا بگرێت(مەرج نییە وەکو ڕابەری باڵا بەڵکو وەکو نوێنەری ڕابەری باڵا بۆ دەرچوون لەم قەیرانە) لاریجانی خاوەنی پێگەیەکی نیشتمانی و نێودەوڵەتییە و دەتوانێت دەست بکاتەوە بە دانوستان. کاردانەوەی یەکەمی دوای هێرشەکە، کە تێیدا "تیرۆرستە زایۆنیست و ئەمریکییەکانی بە بێ ڕەوشت" وەسف کرد و بەڵێنی تۆڵەی دا. دەکرێت ئەمە هەوڵێک بێت بۆ پاراستنی پێگەی نیشتمانی خۆی لە ناو دڵسۆزانی ڕابەری کۆچکردوو و سوپای پاسداراندا، بەڵام لە دەرەوە، دەرگای دانوستان بە ڕووی جیهاندا واڵا بکات. نەک هەر لاریجانی بەڵکو تەواوی کەمپ و خەتی خاتەمی و رۆحانی و پزیشکیان هەمان بیروباوەڕیان هەیە. سیناریۆی سێیەم: شەڕی ناوخۆ و پارچەپارچەبوون ئەگەر پاسداران و پراگماتیستەکان نەتوانن بگەنە ڕێککەوتن، ئەگەری شەڕی ناوخۆ زۆرە. لەو کاتەدا، جوڵانەوە جوداخوازەکان لە ناوچە سنوورییەکانی وەک کوردستان، خووزستان، و سیستان و بەلۆچستان دەتوانن هەڵبستن و ئێران تووشی پارچەپارچەبوون بکەن. ئەمەش سیناریۆی ڕووخانی یەکێتی یۆگۆسلاڤیامان دێنێتەوە بەرچاو کە چۆن لەگەڵ داڕمانی سەرکردایەتی تیتۆدا، وڵات بووە دۆزەخی گەلانی بەڵقان و هەموو نەتەوەیەک بۆ بەرژوەندییەکانی خۆی چەکی هەڵگرت و جەنگێکی خوێناویی ڕوویدا و لەئەنجامدا شەش دەوڵەت درووستبوون( لەگەڵ کۆسۆڤۆدا کە هێشتا دەوڵەتێکی تەواونییە). لەم حاڵەتەشدا کە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ئامادەنییە و دابەشبووە بەسەر چەندین بەرەی جیاوازی وەکو پەهلەوی و ڕەجەوی و کوردی و بەلوچی و ئازەری هتد...

جەنگێکی درێژخایەن هەڵدەگیرسێت کەتەنانەت ئەمریکاش بۆی ئامادەنییە و خواستی ئیدارەی تڕەمپ نییە. چونکە تڕەمپ سیاسەتی دەرەوەی لەسەر هێرشی کورتخایەن داڕشتووە و دژی جەنگی درێژخایەن و تاقەتپڕوکێنە. کە لە دۆخی ئێراندا ڕەنگە ئەمریکا ترلیۆنان دۆلاری دیکە خەرج بکاتەوە بۆ یەکخستنەوەی ئێران و لەئەنجامدا ئەگەری شکستیشی زۆرە وەک چۆن لە ڤێتنام و ئەفغانستان شکستیهێنا. دیموکراتەکان ڕەخنە دەگرن لە ناوخۆی ئەمریکادا، کاردانەوەکان جیاواز بوون. دیموکراتەکان ڕەخنەیان لە ترامپ گرت کە بەبێ مۆڵەتی کۆنگرێس و بەبێ "پلانێکی کۆتایی ستراتیژی" ئەم جەنگەی دەستپێکردووە . ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە تەنانەت لە ناو دامەزراوەی ئەمریکیشدا، ڕێککەوتن لەسەر ئەوە نییە کە دوای لەناوبردنی سەرکردە دژبەرەکانی ڕژێم ، پشتگیری لە "ڕیفۆرمست"ەکان بکرێت یان نا. لە لایەکی ترەوە، ترامپ خۆی کوژرانی خامنەیی وەک "دەرفەتێک بۆ گەلی ئێران" وەسف کردووە بۆ ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی ئێستا .

بەڵام تا ئێستا هیچ پلانێکی ڕوون بۆ پشتگیریکردن لە پێکهێنانی دەسەڵاتێکی نوێ ڕاگەیەندراوە. دەرمان لە نەخۆشی خراپترە؟ ئێران لەم ساتەدا لە نێوان دوایین قۆناغی دەسەڵاتی ئایینی و یەکەم ڕۆژەکانی سیستەمێکی نوێدا ڕاوەستاوە. ئەمریکا بە سەرکەوتوویی توانی توندڕەوە سەربازییەکان لەناوببات و پراگماتیستەکان بەجێبهێڵێت بۆ ڕێکخستنی قۆناغی داهاتوو. لەو کاتەی کە خەڵکی ئێران لە شەقامەکاندا دابەشبوون (هەندێک شادین بە کەوتنی خامنەیی، هەندێک تینووی تۆڵەن) یەک ڕاستی نەگۆڕ ماوەتەوە: سیستەمی کۆماری ئیسلامی بە شێوەی پێشوو ناتوانێت بمێنێتەوە و هەرگیز وەکو جارانی لێ نایەتەوە. باشترین ئەگەر بۆ ئێران و جیهان ڕەنگە ئەوە بێت کە پراگماتیستەکان و ریفۆرمستەکان بتوانن دەست بەسەر دۆخەکەدا بگرن و دەرگای ئاشتی لەگەڵ ئەمریکادا واڵا بکەن. لەئێستادا قەیرانی ڕاستەقینە ئەوەیە کە ئایا ژەنەڕاڵە تۆڵەسێنەرەکان سەردەکەون یان ڕاوێژکارە پراگماتیکەکان! بەڵام ئەوەی کە من بیری لێدەکەمەوە هەر ئەوەیە لەکۆتاییدا ئیدارەی تڕەمپ جیاواز لە ئیسڕائیل ڕووخانی یەکجارەکی ڕژێمی ناوێت، چونکە قەیرانێکی گەورەی بۆ درووستدەبێت کە مامەڵەکردن لەگەڵیدا سەخت و دژواردەبێت و تێچووییەکی لە ڕادەبەری دەبێت.

بەڵکو چاوی لەوەیە لە قۆناغی داهاتوودا ئەو ریفۆرمست و موحافزکارە پڕاگماتیانەی بەزیندووی هێشتووینەوە دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرن و ئێرانێکی بێ ئەتۆم و بێ میلیشیا درووست بکەن. بەڵام با ئەوەش بزانین هیچ لایەن و گرووپێکی ناو دەسەڵاتی ئێستای ئێران بیر لە وازهێنان لە کوڕە ئەتۆمییەکان بۆ کارەبا ناکەنەوە و دەستبەرداری یەکجاری موشەکی بالیستیش نابن. بەڵام ئامادەن واز لەپڕۆگرامی چەکی ئەتۆم و میلیشیاکانی دەرەوەی ئێران بهێنن، وە ئامادەن بازاڕی ئێران بەڕووی جیهاندا بکەنەوە و بەرژەوەندی ئابوری لەگەڵ ڕۆژئاوادا درووست بکەن.

بەپەلە