شارپرێس:
لە کاتێکدا کە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تاران بەردەوامە لە هەناردەکردنی نەوتەکەی بە کەڵک وەرگرتن لە تۆڕە نهێنییەکانی دەریایی.
کەناڵی فۆکس نیوز بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی هەواڵگری دەریایی بڵاویکردەوە، چەندین ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران لە دەرەوەی کەناڵە فەرمییەکانەوە گواستراوەتەوە.
کۆمپانیای هەواڵگری دەریایی ویندوارد ڕایگەیاندووە، ئێران تۆڕە شاراوەکان بۆ گواستنەوەی نەوت لە دەریادا بەکاردەهێنێت بۆ دەربازبوون لە گەمارۆی نوێی ئەمریکا کە لە ڕۆژی دووشەممە 13ی نیسانەوە دەستیپێکردووە، ئەوەش دوای داڕمانی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن و لە چوارچێوەی نوێبوونەوەی فشارە سەربازی و ئابوورییەکان.
کۆمپانیاکە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران بەردەوامە لە گواستنەوەی نەوتەکەی لە ڕێگەی کەشتی بۆ کەشتی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان. ویندوارد ئاماژەی بەوەدا کە تا ١٣ی نیسان، لانیکەم ١١ کەشتی نەوتهەڵگر کە نزیکەی ٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێرانیان هەڵگرتبوو، لە ئاوەکانی سنوری مالیزیا جێگیر بوون، ناوچەیەک بە ناوەندێک بۆ گواستنەوەی کەشتی بۆ کەشتی ناسراوە.
کۆمپانیاکە دووپاتی کردەوە کە ئەم تانکەرانە یان چاوەڕێی گواستنەوەی بارەکانیانن بۆ کەشتیەکانی تر یان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ درێژەدان بە گەشتەکەیان.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سوپای ئەمریکا لە ١٣ی نیسان دەستپێکردنی گەمارۆکەی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری یەکەمدا، نۆ کەشتی نەوتهەڵگر کە هەوڵی دەربازبوونیان لە سنووردارکردنەکان دەدا، ڕاگیراون.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) ڕایگەیاند کە هیچ کەشتییەک نەیتوانیوە لەو ماوەیەدا گەرووی هورمز ببڕێت و ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کەشتیانە ڕێڕەویان گۆڕیوە و گەڕاونەتەوە بۆ بەندەرەکانی ئێران.
زانیارییەکانی ویندوارد دەریانخستووە کە هەندێکیان بەردەوام بوون لە ڕێڕەوەکەیان، هەندێکی دیکەشیان ئاراستەیان گۆڕی یان گەڕانەوە بۆ دواوە، هەندێکی دیکەشیان هەوڵیاندا شێوازی تر بۆ گەشتکردن بەکاربهێنن بۆ ئەوەی خۆیان لە چاودێریکردن بپارێزن.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە بەردەوامی چالاکییەکانی کەشتییە سزادراوەکان کراوە کە ئاڵای ساختە هەڵدەکەن. هەندێک لەو کەشتیانە توانیان لە گەرووەکەدا تێپەڕن، هەندێکی دیکەشیان ڕووبەڕووی دواکەوتن بوونەتەوە یان ناچار بوون ڕێڕەویان بگۆڕن.
ڕاپۆرتەکە زیاتر پشتڕاستی کردووەتەوە کە بڕێکی بەرچاو لە نەوتی ئێران لە ناوچە دەریاییەکاندا هەڵدەگیرێت لەبری ئەوەی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە تێپەڕێت، دواتر لە ڕێگەی تۆڕە ناڕاستەوخۆکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ بازاڕەکان.
لە بەرامبەردا فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ڕوونیکردەوە کە گەمارۆدانەکە سنووردارە بەو کەشتیانەی کە دەچنە ناو بەندەرەکانی ئێرانەوە یان دەردەچن و کاریگەری لەسەر ئازادی گەشتکردن لە ڕێڕەوی ئاوی دیکەدا نابێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنەکە بۆ هەموو ئەو کەشتیانەی پەیوەستن بە بەندەرەکانی ئێرانەوە جێبەجێ دەکرێت.
