لەخێمەکەی ناوزەنگەوە بۆ غەریبانی سورداش.. چیرۆکی وەفایەک کە مێژوو دەینوسێتەوە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 800 جار خوێندراوه‌ته‌وه



شارپرێس:

مێژوی یەکێتیی‌و شۆڕشی نوێ، تەنها بەباروتی پێشمەرگە نەنوسراوەتەوە، بەڵکو بەو کۆڵە دەرمان‌و پێنج هەزار دینارەی دکتۆر جەعفەرو وەتەن دۆستیش ڕەنگکراوە، کە لەڕۆژە هەرە تاریکەکاندا لەڕۆژهەڵاتەوە بونە فریادڕەسی خێمەکەی مام جەلال، ئەمڕۆش کە غەزالەکان لەباوەشی باشوردا گیان دەسپێرن، مێژوو جارێکی دیكه‌ ویژدانی ئێمە دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت، ئایا ئێمە وەفای ئەو دەرگا خۆشییەی ساڵانی حەفتاکانمان لەبیرچوە؟.


کاتێک سنورەکان دەبنە وەهم
مێژوی شۆڕشی نوێی گەلی کوردستان له‌باشور، تەنها چیرۆکی گولـلەو سەنگەر نییە، بەڵکو داستانی پەیوەندییەکی دێرینە کە تێیدا خوێنی ڕۆژهەڵات دەبێتە سوتەمەنی بۆ چرای باشور.

لەو ڕۆژانەی کە نائومێدی باڵی بەسەر چیاکاندا کێشابوو، کاتێک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکەناری تەنها خێمەیەکدا خەونی بەڕاپەڕینەوە دەبینی، دوو گەنج لەو دیو سنورە دەستکردەکانەوە هاتن تا بیسەلمێنن کە نیشتمان یەک دڵەو لەدوو جەستەدا لێدەدات.

وێستگەی یەکەم.. شەفیعی‌و وەتەن‌ دۆست.. فریادڕەسە غەریبەکان
مام جەلال بەکوڵه‌وه‌ باسی ئەوساتە دەکات کە دکتۆر جەعفەری شەفیعی‌و سەعیدی وەتەن‌ دۆست (مامۆستا برایم) وەک دوو فریشتەی ڕزگاری دەرکەوتون، دکتۆرێک بەکۆڵێک دەرمان‌و خەرجی دوو ساڵی تەمەنیەوەو گەنجه‌كه‌ى دیكه‌ش بەپێنج هەزار دینارو بەڵێنی فرۆشتنی خانوەکەی لەسنە، بونە بەردی بناغەی مانەوەی شۆڕش، ئەوان نە بۆ پلە هاتبون‌و نە بۆ ناوبانگ، ئەوان هاتبون تا لەته‌نگانه‌دا نیشتمان له‌مه‌رگ ڕزگاربكه‌ن.

مام جەلال له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت، "دەرگای خۆشییان لێکردینەوە"؛ ئەوە تەنها کردنەوەی دەرگای پزیشکی‌و دارایی نەبوو، بەڵکو کردنەوەی دەرگای ئومێدبوو.

وێستگەی دوەم: وەفای باشور؛ لەئامێزگرتنی برینەکان
خەڵکی باشورو بەتایبەت شاری سلێمانی، مێژویەکی زێڕینیان لەوەفا بۆ تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات تۆمارکردوە، لەڕۆژە سەختەکانی شەڕی ناوخۆو هێرشە داگیرکارییەکاندا، ماڵی خەڵکی ئەم ناوچەیە هەمیشە ئاوا بوە بۆ ئەو بریندارانەی کە ئازاری نیشتمانیان لەجەستەدا بوە، ئەم وەفایە تەنها ئەرکێکی نەتەوەیی نەبوە، بەڵکو وەڵامدانەوەیەک بوە بۆ ئەو کۆڵە دەرمانەی دکتۆر شەفیعی‌و ئەو پێنج هەزار دینارەی وەتەن‌ دۆست.

تراژیدیای غەزال.. تاقیکردنەوەیەکی سەخت بۆ ویژدان
ئەمڕۆ کە باسی غەزاڵ مەولان دەکەین، ئەو کچە شەرمنەی سورداش کە جەستەی بەئاگرو ئاسنی درۆنەکان سوتا، برینێکی نوێ دەخەینەسەر جەستەی مێژوو، کاتێک چالاکوانان داوادەکەن غەزال لەتەنیشت دکتۆر شەفیعی بنێژرێت، دەیانەوێت بڵێن، "ئەم خاکە هەرگیز ئەو دڵسۆزییە لەبیرناکات"، ناشتنی غەزال لەتەنیشت شەفیعی، تەنها ناشتنی تەرمێک نییە، بەڵکو گرێدانەوەی شکۆی دوێنێیە بەئازاری ئەمڕۆوە.

پەیامێک بۆ داهاتوو
مێژوی یەکێتیی‌و شۆڕشى نوێ، قەرزاری ئەو دەستانەیە کە لەسنەو مەهابادو کرماشان‌و ورمێوە بۆ دەمەبۆڵ‌و ناوزەنگ درێژکران، وەفای خەڵکی باشور بۆ بریندارانی ڕۆژهەڵات، پێوەرێکی ئەخلاقییە؛ ئەگەر دوێنێ شەفیعییەکان دەرگای خۆشییان بۆ کردینەوە، ئەرکی ئەمڕۆی ئێمەیە کە دەرگای نەخۆشخانەو دڵەکانمان بۆ غەزالەکان واڵابکەین.

خوێنی غەزال‌و ماندوێتی شەفیعی، یەک چیرۆکن، چیرۆکی نیشتمانێک کە هیچ سنورێک ناتوانێت بڕبڕەی پشتی بشکێنێت.