بەگوێرەی پێشبینی ناوەندە ئەمنییەکانی ئیسرائیل، جەنگی ئێستا ناتوانێت کۆتایی بەهەڕەشە موشەکییەکانی ئێران بهێنێت

جیهان

03/03/2026‌ 452 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ناوەندە ئەمنییەکانی ئیسرائیل پێشبینی دەکەن کە جەنگی ئێستای نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران نەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بە هەڕەشە بالیستییەکانی ئێران بە تەواوی، تەنانەت ئەگەر هێرشەکان چەند ڕۆژێکی تریش بەردەوام بن. 

 
بەرپرسە ئەمنییەکان لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتدا ڕایانگەیاندووە کە تێکشکاندنی تەواوەتی توانای موشەکی ئێران مەحاڵە و بڕی ئەو موشەکانەی دەمێننەوە بەستراوەتەوە بە درێژەی شەڕەکە، بەڵام جەختیان کردۆتەوە کە ئامانجی سەرەکییان کەمکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی موشەکە.

هاوکات سەرچاوە سەربازییەکان لە تەلئەبیب ئاماژە بەوە دەکەن کە چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی 2 بۆ 3 ڕۆژی داهاتوودا چڕی هێرشە موشەکییەکانی ئێران بەهۆی وێرانکردنی سەکۆکانی هەڵدان کەم ببێتەوە. 

بەرپرسێکی باڵای سەربازی ڕایگەیاندووە کە سوپا پێویستی بە لایەنی کەم 2 هەفتە هەیە بۆ پێکانی ئامانجە ستراتیژییەکان و دروستکردنی زەمینە بۆ ڕووخانی ڕژێم، چونکە بە بڕوای ئەو تاران لە گۆشەگیرییەکی تەواودایە.

لە لایەکی ترەوە، تەلەفزیۆنی ئیسرائیل ئاشکرای کرد کە لە کۆبوونەوەی کابینەدا مشتومڕێکی تووند لەسەر هێرشی پێشوەختە بۆ سەر حیزبوڵڵا لە لوبنان دروستبووە. 

لە کاتێکدا وەزیری بەرگری و سوپا پشتیوانی هێرشەکەیان کردووە، هەندێک وەزیر وەک زێئێڤ ئێڵکین و ئێلی کۆهێن نیگەرانی خۆیان لە هەڵگیرسانی شەڕ لە دوو بەرەی هاوکاتدا دەربڕیوە. لە کۆتایی گفتوگۆکاندا بە وەزیرەکان ڕاگەیەندراوە کە حیزبوڵڵا پێشوەختە دەستی بە هێرشەکان کردووە.