شارپرێس:
یاریدەدەری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە
هاوبەشەکانی عێراق ڕونکردنەوە لەسەر کوژرانی سەربازێک و برینداربونی دوانی دیکە لەلایەن هێزێکی ئەمریکی لەبیابانەکانی نەجەف دەدات، هاوکات نامەیەکی ناڕەزایەتیش
رادەستی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکات.
قەیس محەمەداوی، یاریدەدەری
فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاندوە،"
ئاگادارکراینەوە لە جوڵەی چەند کەسێک لە بیابانەکانی نەجەف و هێزێکی سێ فەوجیمان
لەفەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەربەلا ناردە شوێنەکە، بۆ ئەوەی بەدواداچون بۆ
بابەتەکە بکەن، بەڵام هەر لەگەڵ گەیشتنی هێزەکە بۆ ئەو شوێنە، لەئاسمانەوە
تەقەیەکی زۆریان لێکراو بەهۆیەوە سەربازێک کوژرا و دوانی دیکەش بریندار بون ".
ئەوەشیخستەڕوو،"
دوای ڕوداوەکە هێزێکی دژەتیرۆرمان ناردە ئەو شوێنە و هیچ شتێکیان نەدۆزییەوە
".
یاریدەدەری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە
هاوبەشەکان باسی لەوەشکرد،" ئەو هێزە بیانییەی لەوێ بون هیچ رێکەوتن و مۆڵەتپێدانێکیان
پێ نەبوە، کە هەوڵی چاودێریکردن و چاندنی ئامێری چاودێریکردنیان دەدا ".
راشیگەیاند،" رێگە
بە هیچ هێزێک نادەین کە خزمەت بە بەرژەوەندی عێراق ناکات و زیان بە ئارامییەکەی
دەگەیەنێت، لەسەر ئەو ڕوداوەش نامەیەکی ناڕەزایەتی رادەستی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی
دەکەین، کە بەبێ هیچ هەماهەنگی و مۆڵەتێک چونەتە ئەو شوێنە و کارێکی ترسنۆکانەیان
ئەنجامداوە ".
