شارپرێس:
لەدیدارێکی بێپەردەو ستراتیژیدا لەگەڵ کەناڵی (فۆکس نیوز)ی ئەمریکی، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی ڕونی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، جەختیکردەوە، هەرێمی کوردستان‌و عێراق چیتر بەرگەی ئەوە ناگرن ببنە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێ خوێناوییەکانی نێوان زلهێزەکان.
تاڵەبانی بەئاماژەدان بەو گرژییانەی لەنێوان ئەمریکا، ئیسرائیل‌و ئێران‌دا هەیە، ڕایگەیاند، ناوچەکە لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە، پێویستە کوردستان ببێتە پردێک بۆ دیپلۆماسی‌و چارەسەر، نەک مەیدانێک بۆ تۆڵەسەندنەوە.
ئەم وتەیەى بافڵ تاڵه‌بانى سه‌رۆكى یه‌كێتیى، وەک ئاماژەیەک بۆ پاراستنی سەقامگیریی هەرێم لەناو ئاگری ناوچەکەدا لێکدەدرێتەوە.
هه‌ر لهدیدارەکە، باسی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی كرد لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سه‌رۆك ئه‌مریكا، له‌و ڕوهشهوه تاڵەبانی بەئەرێنییەوە باسی لەو گفتوگۆیە کرد‌و وتی، "ترەمپ بەڕێزەوە مامەڵەیکرد، ئەمەش ئاسۆیەکی نوێ بۆ پەیوەندییەکانی هەرێم‌و واشنتۆن نیشاندەدات، بەتایبەت لەهەوڵەکان بۆ بونیادنانی هاوبەشییەکی بەهێزتر لەگەڵ حکومەتی عێراق".
سەبارەت بەدۆخی ناوخۆی ئێران‌و ئاڵۆزییەکان، سەرۆکی یەکێتیی ئاماژەی بەوەکرد، "گۆڕینی ڕژێم لەئێستادا لەکارنامەی ئەواندا نییەو گرنگترین شت پاراستنی ئارامییە، من پێموایە تەنها ڕێگەی ڕزگاربون لەم دۆخە چەقبەستوە، گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ".
له‌باره‌ى كوردانى ڕۆژهه‌ڵاتیشه‌وه، بافڵ تاڵەبانی وتى، "کوردانی ڕۆژهه‌ڵات خەڵکێکی زۆرباشنو شایەنی ڕێزگرتنی زۆرن".
کاتێک پێشكه‌شكارى هه‌واڵه‌كه قسه‌كانى به‌تاڵه‌بانى بڕیىو پرسیاری ئه‌وه‌ى لێکرد دەربارەی ئەگەری گۆڕینی ڕژێم لەئێران، تاڵه‌بانى لهوهڵامێكى خێرادا وتى، "ئێستا کاتی ئەوەنییە، بەڵام جەختدهكهمهوه، کوردانی ڕۆژههڵاتو ئێران، بەشێکی گرنگی هاوکێشەکەنو پێویستە ماف‌و ڕێزیان هەبێت".
چاودێران پێیانوایه تاڵه‌بانى له‌و دیداره‌ى له‌گه‌ڵ ناسراوترین كه‌ناڵى ئه‌مریكى، هاوسەنگی حزبه‌كه‌ى پاراستوه‌و هەوڵیداوه لەلایەکەوە ڕێز بۆ خەباتو پێگەی کوردانی ڕۆژهەڵات دەرببڕێتو لەلایەکی دیكه‌شه‌وه نەیویست قسەکانی وەک دەستوەردان لەکاروباری ناوخۆی ئێران لێکبدرێتەوە یان ببێتە هۆی تێکچونی پەیوەندییەکان لەگەڵ تاران.
