شارپرێس:
عێراق قۆناغی نیگەرانیی سنورەکان جێدەهێڵێتو دەچێتە قۆناغی کۆنتڕۆڵی ڕەهاوه، فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوریش لەپەیامێکی توندو دڵنیاکەرەوەدا دهڵێت، "تەواوی سنورەکانی وڵات لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەسیستەمێکی ئەمنی پێشکەوتوو قوفڵکراونو چیتر خاکەکە وەک جاران ڕێڕەوێک نییە بۆ دزهكردنو هەڕەشە".
سنوری سوریا.. ئەستەمترین خاڵ بوە بەقایمترین قەڵا
پێشتر درێژترینو مەترسیدارترین هێڵ بوو، بەڵام ئێستا فەریق محەمەد سەکەر فهرماندهى هێزهكانى پاسهوانى سنورى عێراق دەڵێت، "ئەو 620 کیلۆمەترەی نێوان عێراقو سوریا لەژێر چاودێریی وردی کامێرا گەرمییەکانو فڕۆکەی بێفڕۆکەواندایە".
دهشڵێت، "بەپاڵپشتی سوپاو حەشدی شەعبی لەقووڵایی خاکەکەدا، سنوری سوریا بوەتە ناوچەیەکی مەحکەم، کە هیچ دەرفەتێک بۆ دزەکردنی تیرۆریستان یان قاچاخچێتی نەهێشتوەتەوە".
هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم.. کلیلە نوێیەکەی ئاسایش
لەگۆڕانکارییەکی ستراتیژیدا، عێراقو هەرێمی کوردستان لەسەر سنورە ههزارو 493 کیلۆمەترییەکەی ئێران یەکدەنگن، جێگیرکردنی هێزەکان لەناوچە شاخاوییەکانی هەولێر، سلێمانیو هەڵەبجە بەهەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگەو ئاسایش، وایکردوە کە دەنگۆی دزهكردن لەعێراقەوە بۆ ئێران ببێتە مێژوو و هیچ بنەمایەکی ڕاستی نەمێنێت.
سنورە نمونەییەکان لەگەڵ کوهیت، ئوردنو سعودیە
لەباشورو ڕۆژئاواوە، عێراق ئاستێکی باڵای لەڕێکخستنی سنوری تۆمارکردوە، بهشێوهیهك لەگەڵ کوهیت 200 کیلۆمهتر سنوری وشکانی بەتەواوی بەسیستەمی چاودێریی كۆنترۆڵكراوه، لەگەڵ سعودیەو ئوردن دۆخەکە بەباشترین حاڵەت وەسفدەکرێت، کە تیایدا پەیوەندییو زانیارییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەبەرزترین ئاستدایە.
وهكو بهرپرسه ئهمنیهكهى عێراق جهختی لهسهركردوهتهوه، ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە تەنها پێویستییەکی ئەمنی نییە، بەڵکو نیشانەی گەڕانەوەی شکۆی دەوڵەتە بۆ سەر بست بەبستی خاکەکەی، عێراق بەم دیوارە تەکنەلۆژییە پەیامێک بۆ جیهان دەنێرێتو دهڵێت، نیشتمان پارێزراوەو یاسا لەسەر سنورەکان قسەی یەکەمو کۆتایی دەکات.
