شارپرێس:
لەکاتێکدا تاران لەژێر لێزمەی گورزە سەربازییەکاندا دەناڵێنێت، ئێستا ململانێیەکی مەترسیدارتری ناوخۆیی بەرۆکی کۆماری ئیسلامی گرتوە، دوای هەفتەیەک لەشۆکی کوژرانی ڕابەری باڵاو سەرکردە پلە باڵاکان، ئێران نەک تەنها لەدەرەوە، بەڵکو لەناوخۆشدا بوەتە دوو کەرتەوە، پەیامە دژبەیەکەکانی سەرۆک کۆمارو سوپای پاسداران، ئاماژەی ڕونن بۆ جەنگێکی سارد لەناو جەرگەی دەسەڵاتی تاراندا.
ڕۆژی ڕابردوو، گۆڕەپانی سیاسیی ئێران شاھیدی وەرچەرخانێکی چاوەڕواننەکراو بوو، مەسعود پزیشکیان کە ئێستا وەک تاکە کەسی شەرعی لەلوتکەی دەسەڵاتی جێبەجێکردندا ماوەتەوەو نهكوژراوه، هەوڵیدا لەڕێگەی پەیامێکی دیپلۆماسییەوە ئاو بهئاگرێكدا بکاتو داوای لێبوردنی لەوڵاتانی دراوسێ کرد، بەڵام ئەم مانۆڕە ئاشتیخوازانەیە نیو کاتژمێری نەخایاند، کاتێک سوپای پاسداران بەموشەکبارانکردنی ئامانجەکانی لەبەحرەین، نەک تەنها وڵاتانی کەنداو، بەڵکو خودی پزیشکیانیشی کردە ئامانج.
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوەدەکەن، پزیشکیان لەنێوان دوو فشاری گەورەدایە؛ لەلایەک دەیەوێت وڵات لەو داڕوخانە سەربازییو ئابورییە ڕزگاربکات کە بەهۆی شەڕەوە توشی بوە، لەلایەکی دیكهشهوه لەژێر هەڕەشەی ڕاستەوخۆی ژەنەراڵەکانی سوپای پاسداراندایە.
سوپا، کە ساڵانێکی درێژە بڕیاردەری ڕاستەقینەی مەیدانەکەیە، ئامادەنییە بەنەرمی نواندنەکانی پزیشکیان کەمەندکێش بکرێت، تەنانەت ئەگەر بەنرخی تێکشانی تەواوەتی وڵاتیش بێت.
ئەم دوبەشبونی بڕیارە، ئێران دەخاتە بەردەم دوو بژاردەی تاڵ؛ یان پزیشکیان وەک سەرۆکێکی سیمبولی دەمێنێتەوەو سوپا، وڵات، بەرەو شەڕێکی وێرانکاریی تر دەبات، یان ئەم کێشەیە سەر دەکێشێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەیەکی سەربازیی ناوخۆیی لەتاران، ئەوەی ئێستا دەبینرێت، دەوڵەتێکە کە سەری نییەو دەستەکانی بەئارەزوی خۆیان دەجوڵێنەوە.
