شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتە میدیایییەکان و لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکی، دۆناڵد ترامپ لە گفتوگۆ تایبەتەکانیدا خواستی جددی نیشان داوە بۆ ئەگەری ناردنی هێزی پیادەی ئەمریکا بۆ ناو خاکی ئێران لە چوارچێوەی نەخشەی قۆناغی دوای جەنگدا.
تۆڕی ئێن بی سی نیووز بڵاوی کردەوە کە ترامپ لەگەڵ یاریدەدەرەکانی باسی لەوە کردووە ئەم هێزانە ئەرکیان پاراستنی کۆگاکانی یۆرانیۆم و هاوکاریی نەوتی دەبێت لەگەڵ سیستمێکی نوێی فەرمانڕەوایی لە ئێران، هاوشێوەی ئەو مۆدێلەی لەگەڵ ڤەنزوێلا پەیڕەو دەکرێت.
سەرچاوەکان جەخت دەکەنەوە کە باسەکە لە داگیرکارییەکی فراوان نییە، بەڵکوو مەبەست ناردنی هێزێکی سنووردارە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ستراتیژی و پاراستنی شوێنە هەستیارەکان.
جۆیل ڕایبۆرن، بەرپرسی پێشووی ئیدارەی ترامپ، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانە تەنیا بۆ پێکانی ئەو ئامانجانەیە کە بە بۆردومان لەناو ناچن و دوای هێرشەکە هێزەکان دەکشێنەوە.
لە بەرامبەردا، کۆشكی سپی ڕاستیی ئەم هەواڵانەی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە سەرۆک هەموو بژاردەکانی لەبەردەستدایە بەڵام بڕیاری کۆتایی نەداوە و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش هۆشداریی دا کە هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە بۆ ئەمریکا کارەساتبار دەبێت.
