شەڕ دژی ئێران.. کورد چی لەمێژوو فێربوە؟

توێژینەوە و شیکاریی

07/03/2026‌ 406 جار خوێندراوه‌ته‌وه

تەواوی مێژوو سەلماندوویەتی کە ئەوەی هەمیشە خیانەتی لەکورد کردووەو خەنجەری لێداوە، ڕۆژئاوای ئیمپریالیست بووە، تەنانەت پێشئەوەی کورد لەدەست حاکمەکانی ئەو وڵاتانە بناڵێنن کە تێیدا دەژین؛ ئەو حاکمانەی کە زۆربەی کات لەخزمەت ئەجێندای دەوڵەت و هێزە ئیمپریالیستء سەهیۆنیستەکاندا بوون.

لەدیدارێکدا لە17ی کانوونی دووەم، تۆم باراک بەئامادەبوونی مەسعود بارزانی، هەڕەشەی لەمەزڵوم عەبدی کردو پێی وت:"ئەگەر میلیشیاکانت نەخەیتە خزمەت نەخشەو پڕۆژە سەهیۆنی-ئەمریکییەکان دژی عێراقء ئێران، ئەوا ئێمە دەست لەپاڵپشتیکردنتان هەڵدەگرین".

کاتێک عەبدی ئەم هەڕەشەیەی ڕەتکردەوە، باراک گڵۆپی سەوزی بۆ ئەوەی ناوی لێنراوە "سوپای سوریا" هەڵکرد بۆ تێپەڕین بەرەو ڕۆژهەڵاتی فوڕات و دەرپەڕاندنی هێزەکانی مەزڵوم عەبدی، کە ناچار بوون لە ناوچەگەلێکی فراوان بکشێنەوە کە لەژێر کۆنترۆڵیاندا بوو، لەوانە دێرەزوور و ڕەققە کە چەندین گرتوخانەی "داعش"یان لێ نزیک بوو.

ئەمە وای لەواشنتۆن کرد کە بەندییەکانی داعش (کە نزیکەی 10 هەزار کەس دەبوون و هەندێکیان ڕایانکرد) بەبێ مۆڵەتی بەغدا بگوازێتەوە بۆ ناوخۆی عێراق؛ ئەو بەغدایەی کە ترەمپ هەڕەشەی لێکردبوو ئەگەر نوری مالیکی وەک سەرۆکوەزیران هەڵبژێرن.

لەگەڵ بەردەوامیی هەڕەشە ئەمریکییەکان لەڕێگەی مەسعود بارزانییەوە کە لەپەیوەندی بەردەوامدابوو لەگەڵ ئەحمەد شەرع، مەزڵوم عەبدی گەڕایەوەو ڕێککەوتنی 28ی کانوونی دووەمی واژۆکرد بۆ ئەوەی جێگەی ڕێککەوتنی 10ی ئازار بگرێتەوە و تەنها بە حەسەکە و قامیشلۆ و دەوروبەری ڕازی بێت.

گەشتەکەی تۆم باراک لە هەفتەی ڕابردوودا بۆ هەولێر و سلێمانی و دیدارە چڕەکانی لەگەڵ مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، و دواتر لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، بە ئامادەبوونی مەزڵوم عەبدی، ئەو قسانەی سەلماند کە دەگوتران دەربارەی هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ قایلکردن یان ناچارکردنی کورد بۆ کارکردن دژی ئێران. ئەمە هاوکات بوو لەگەڵ جموجۆڵە سەربازيیء هەواڵگرییە گەورەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل لەباکووری عێراقء بەدرێژایی سنوورەکانی ئێران، کە تێیدا فڕۆکە ئەمریکییەکان بنکە سەربازییەکانی ئێران لە ناوچەی کوردستانی ئێران بۆردومان دەکەن، وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرشی هێزە کوردییە عێراقی و سووری و تورکییەکان (بەوپێیەی یەپەگە لەسووریا بەدرێژکراوەی پەکەکە دادەنرێت.

ئەم زانیارییانە وای لەزۆر کەس کردووە چاوەڕێی وەڵامی کورد بکەن بۆ داواکاریء فەرمانەکانی واشنتۆنء تەلئەبیب، کە هیواو بڕوایەکی زۆریان بەڕۆڵی کورد هەیە لەهاوکێشە سەربازییەکانی دژ بەئێران، بەوپێیەی کورد خاوەنی لانی کەم 200 هەزار پێشمەرگەیە کە بەچەکی ئەمریکیء ئیسرائیلی پڕچەککراون.

زاڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لەبەغدا، بەکەناڵی "ڕووداو"ی ڕاگەیاندووە، "ئەگەر ئەمریکا نەیەوێت هێزی پیادەی گەورە بنێرێتە ناو ئێران، ئەوا پشتبەستن بەهێزە ناوخۆییەکان وەک کورد، لەڕێگەی پاڵپشتی ئاسمانییەوە، بژاردەیەکی بەهێز دەبێتء ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ ئێرانییەکانء کورد بۆ گەیشتن بەو گۆڕانکارییەی دەیانەوێت، چونکە ئەم دەرفەتە لە داهاتووی نزیکدا دووبارە نابێتەوە، بۆیە پێویستە بە پلان و وریاییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم ساتەدا بکەن.

لەکاتێکدا دەبێت ئەوەمان لەیادبێت واشنتۆن پێشتر لەگەڵ شای ئێران هاوپەیمانی کرد بۆ لەناوبردنی کۆماری مەهاباد لە 1946و دەستبەرداری پاڵپشتی مەلا مستەفا بارزانی بوو کاتێک سەدام حسێن و شای ئێران ڕێککەوتنی جەزائیریان لە 1975 واژۆکردو ڕێگری لەمەسعود بارزانی کرد بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە 2017و عەبدوڵڵا ئۆجەلانی لەکینیا ڕفاندو ڕادەستی ئەنقەرەی کرد لە1999؛ ئێستا شەقامی کوردی تێڕامانێکی قووڵ دەکات کە ئایا سەرکردە کوردەکان وانە لەمێژوو وەردەگرن یان نا؟.

تەواوی مێژوو لەپەیمانی سیڤەری 1920وە سەلماندوویەتی کە ئەوەی خیانەتی لە کورد کردوە ڕۆژئاوای ئیمپریالیست بووە. هەرچەندە ڕای باڵا لەهەولێرو سلێمانی ئەوەیە کە ئەگەری هاوکاری لەگەڵ واشنتۆن و تەلئەبیب هەیە ئەگەر گەرەنتی ڕەها وەربگرن بۆ ڕووخانی ڕژێمی تاران و بەڵێنی نووسراو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی، بەڵام تاران و ئەنقەرە یەکسەر کەوتوونەتە پەیوەندی لەگەڵ سەرکردە کوردەکان. هاکان فیدان و عەباس عێراقچی هۆشدارییان داوەتە ئەم سەرکردانە کە هەر تێوەگلانێکی کورد لە پلانە ئەمریکی-سەهیۆنییەکان، ناوچەکە بەرەو شەڕێکی نەتەوەیی ماڵوێنکەر دەبات. ئێران بەردەوامە لە بەئامانجگرتنی بنکە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان و بارەگای گروپە کوردییەکانی ئێران.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن ئەگەر کورد ڕازی نەبێت بەشداری هاوپەیمانی دژی ئێران بکات، ئەوا ئەمریکا پاشماوەکانی داعش لە باشووری مووسڵ پڕچەک دەکات و دەیاننێرێت بۆ شەڕ دژی حەشدی شەعبی لە لایەک و کورد لە سووریا و عێراق لە لایەکی دیکە.

لەکۆتاییدا، گرەو لەسەر یادەوەری گەلی کوردە، بەتایبەت دوای ئەو خەنجەرەی لە سووریا لەلایەن ئەمریکییەکانەوە لێیان درا. ئێستا ئەمریکییەکان دەیانەوێت کورد بەرەو سەرکێشییەکی مەترسیدارتر بەرن، ئەمجارە دژی ئێرانی "شیعە"، کە ئەگەر ئەو نەبوایە لە 2014 داعش دەچووە ناو هەولێر.

دوای ئەوەی کورد لەبیریان چوو کە نەوەی سەڵاحەدینن، و دوای ئەوەی زۆرێک لە برا عەرەبەکانیان نوقمی زۆنگاوی بەکرێگیراوی بوون، ناوچەکە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە پێویستی بە هەڵوێستێکی مرۆیی هەیە کە ڕێگری لە داڕمانی تەواوەتی بکات و برایەتییەکی ڕاستەقینە لە نێوان عەرەب، فارس و تورکدا دروست بکات.

دەبێت هەموویان دان بە مافی کورددا بنێن، بەڵام کوردیش دەبێت یەکەمجار کێشە ناوخۆییەکانیان چارەسەر بکەن و دووەمجار وانە لە ڕابردوو وەربگرن و ڕەتیبکەنەوە ببنە بەکرێگیراوی کەسانی دیکە، چونکە ڕۆژئاوای ئیمپریالیست و سەهیۆنیزم هۆکاری سەرەکی هەموو نەهامەتییەکانیان بوون و دەبن.

نوسینی: حسنی محلی
وەرگێڕان: د.حلمى رەسوڵ ڕەزا