جەنگی ئەمریکا بەرامبەر ئێران وەک دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لەمێژوی ململانێ سەربازییەکان هەژماردەکرێت

جیهان

20 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 278 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جەنگی ئێستای ئەمریکا بەرانبەر ئێران وەک دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە مێژووی ململانێ سەربازییەکان دەردەکەوێت، کە تێیدا چەکە تەقلیدییە پێشکەوتووەکان لەگەڵ سیستەمەکانی ژیریی دەستکرد و لۆگاریتمی خێرا بۆ شیکردنەوەی داتا زەبەلاحەکان تێکەڵ دەبن.

 
ڕۆژنامەی "ئای پێپەر"ی بەریتانی و ماڵپەڕی "وای نێت"ی ئیسرائیلی تیشکیان خستووەتە سەر دیمەنی مەیدانیی و تەکنیکی ئەم جەنگە و ڕۆڵی سەرەکیی ژیریی دەستکرد لە بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەکاندا.

ماسیو بەیلی لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژە بە ستراتیژییەکی نوێی ئەمریکا دەکات کە لەسەر بنەمای داهێنان بۆ دروستکردنی تەنگپێهەڵچنین بۆ دوژمن دامەزراوە، وەک ئەوەی ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا وەسفی کردووە.

 کوپەر ئاشکرای کردووە کە هێزەکانی ئەمریکا نزیکەی 2000 ئامانجیان بە بەکارهێنانی زیاتر لە 2000 تەقەمەنی پێکاوە. یەکێک لە دیارترین ئەو چەکانەی بۆ یەکەمجار لەم جەنگەدا دەرکەوتووە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "لوکاس" (LUCAS)ە، کە فڕۆکەیەکی هێرشبەری خۆکوژییە و تەکنیکەکەی لە فڕۆکەی "شاهید"ی ئێرانییەوە وەرگیراوە.

مارک کانسیان، ڕاوێژکاری باڵا لە واشنتۆن، ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا دوای بینینی کاریگەریی ئەم جۆرە فڕۆکانە لە جەنگی ئۆکرانیادا، دەستی بە پەرەپێدانیان کردووە.

 بەرپرسانی ئەمریکی درکیان بەوە کردووە کە بۆشاییەک لە جبەخانەکانیاندا هەیە؛ چونکە خاوەنی موشەکی زۆر گرانبەهان بەڵام جێگرەوەی هەرزانیان نییە. بۆ نموونە، لە کاتێکدا موشەکی تۆماهۆک زیاتر لە 1 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، تێچووی فڕۆکەی لوکاس تەنها 40000 دۆلارە، ئەمەش ڕێگە دەدات بە هەڵدانی پۆلە فڕۆکەی گەورە کە دەبنە هۆی شپرزەکردن و پەکخستنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی دوژمن بە تێچوویەکی کەم.

ئەم فڕۆکەیە دەتوانێت نزیکەی 720 کیلۆمەتر ببڕێت و کڵاوەیەک بە کێشی 18 کیلۆگرام هەڵبگرێت. جەیمس پاتۆن ڕۆجەرز وەسفی دەکات وەک تەقەمەنییەکی "سادە و هەرزان" کە دەکرێت بە خێرایی و بە ژمارەی زۆر بەرهەم بهێنرێت بۆ یەکلاکردنەوەی شەڕەکان.