موجتەبا خامنەیی؛ لەسێبەری باوکەوە بۆ لوتکەی دەسەڵاتی تاران

ڕاپۆرت

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 438 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس 
ئەنجومەنی شارەزایان بە فەرمی موجتەبا خامینەیی وەک سێیەم ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاگەیاند لە دوای کوژرانی ئایەتوڵا عەلی خامینەیی باوکی.


ئەم بڕیارە کۆتایی بەگفتوگۆکان لە چاوەڕوانی و ململانێی ناوخۆیی هێنا کە دوای کۆچی دوایی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی سەریان هەڵدابوو. 

شارپرێس لەم ڕاپۆرتەدا، تیشک دەخاتە سەر ژیاننامە و نهێنییەکانی پشت هەڵکشانی ئەم کەسایەتییە نادیارە بۆ لوتکەی دەسەڵات.

ژیاننامە و ڕەگ و ڕیشەی سیاسی:
موجتەبا خامنەیی لە ساڵی ١٩٦٩ لە شاری مەشهەد لەدایکبووە. گەورەبوونی ئەو ڕێک هاوکات بوو لەگەڵ چالاکییە شۆڕشگێڕییەکانی باوکی دژی ڕژێمی پاشایەتی و سەرکەوتنی شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩. 
ئەم مێژووە وای لێکردووە لە تەمەنێکی زووەوە لە ناو جەرگەی بڕیارە سیاسییە هەستیارەکاندا بێت.

خوێندن و تەحەدای "شایستەیی ئایینی":
خامنەیی کوڕ خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی "ئەلەوی" لە تاران تەواو کردووە و دواتر بۆ خوێندنی زانستە ئایینییەکان ڕووی لە شاری قوم کردووە. 
ئەو لەژێر دەستی دیارترین مامۆستا کۆنەپارێزەکانی وەک ئایەتوڵڵا "محەمەد تەقی مەسباحی یەزدی" پەروەردە کراوە.

خاڵی جێی سەرنج و مشتومڕی زۆرینەی ناوەندە ئایینییەکان ئەوەیە کە موجتەبا خامنەیی خاوەنی پلەی "ئایەتوڵڵا" نییە و تەنها پلەی "حوجەتولئیسلام"ی هەیە. 
ئەمە لە ڕووی شەرعی و دەستوورییەوە دەبێتە خاڵێکی لاواز بۆ شەرعییەتدان بە ڕێبەرایەتییەکەی، چونکە بەپێی نەریتەکان دەبێت ڕێبەری باڵا خاوەنی باڵاترین پلەی فەقهی بێت.

جەنگ و سوپای پاسداران: 
موجتەبا پەیوەندییەکی ستراتیژی
پێشینەی سەربازیی موجتەبا بۆ ساڵانی هەشتاکان و جەنگی ئێران-عێراق دەگەڕێتەوە، کاتێک وەک سەرباز لە یەکەکانی سوپای پاسداران (سپاهـ) خزمەتی کردووە. 

ئەم ئەزموونە بناغەی پەیوەندییە قووڵەکانی ئەوی لەگەڵ جەنەراڵە باڵاکانی سپاهـ و هێزی بەسیج دانا. 

دوای جەنگ، ئەو وەک کەسایەتییەکی کاریگەر و "پیاوی سێبەر" لە نووسینگەی باوکیدا کاریکرد؛ ڕۆڵی ئەو وەک "دەرگاوانێکی پۆڵاین" بوو بۆ دەسەڵات، کە بەبێ ڕەزامەندی ئەو هیچ بڕیارێکی ئەمنی و سیاسی نەدەگەیشتە لای ڕێبەری باڵا.

دەربازبوون لە "تراژیدیای خێزانی" و سزاکانی واشنتۆن
ڕووداوێکی وەرچەرخان لە ژیانی موجتەبا، ڕزگاربوونی بوو لەو هێرشە گەورەیەی کە تێیدا باوکی و چەندین ئەندامی خێزانەکەی (لەوانە هاوسەرەکەی) تێدا کوژران. 
ئەم ڕووداوە وای لێکرد زیاتر بکشێتەوە بۆ ناو کایە ئەمنییە توندەکان.

لەلایەکی ترەوە، لە ساڵی ٢٠١٩وە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سزای ئابووریی توندی بەسەردا سەپاندووە. 

واشنتۆن تۆمەتباری دەکات بەوەی کە ڕاستەوخۆ بەرپرسە لە پێشخستنی ئامانجە توندڕەوەکانی ڕژێم و سەرکوتکارییە ناوخۆیی و ناوچەییەکان.

شێوازی دەسەڵات: 
ئایا پاشایەتی دەگەڕێتەوە؟
شیکەرەوە سیاسییەکان هەڵبژاردنی موجتەبا بە "سەپاندنی سپای پاسداران" ناوزەند دەکەن. جێی تێبینییە کە ناوی ئەو لەو لیستەدا نەبووە کە پێشتر باوکی بۆ جێگرەوەی ئامادەی کردبوو. 
ئەم هەنگاوە جارێکی تر پرسی "میراتگریی دەسەڵات"ی لە تاران زیندوو کردووەتەوە؛ سیستەمێک کە شۆڕشی ١٩٧٩ بۆ لەناوبردنی دروست ببوو، ئێستا کوڕ جێگەی باوک دەگرێتەوە.

ئایندەی ئێران لەژێر سێبەری موجتەبادا
لە کاتێکدا موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری نوێ دەستبەکار دەبێت، ئێران لە ناو جەرگەی قەیرانی ئابووری و شەڕێکی ناوچەیی گەورەدایە. 
پێشبینی دەکرێت ڕێبەرایەتیی ئەو تەواو "ئەمنی و سەربازی" بێت و زیاتر لە جاران پشت بە سوپای پاسداران ببەستێت. 
پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە، ئایا ڕێبەری نوێ دەتوانێت هاوسەنگیی هێز بپارێزێت، یان هاتنی ئەو دەبێتە سەرەتای نانەوەی بزووتنەوەیەکی نوێی ناڕەزایەتی لە ناوخۆی وڵاتدا؟