تیرە شینەکەی ئاسمان.. ئەو موشەکە تایبەتەی خامنەیی پێ کوژرا چییە؟

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1561 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ئەو هێرشە دراماتیکییەی کە بوە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر ئەو چەکە وێرانکەرەن کە ئیسرائیل بۆ ئەم ئامانجە بەکاریهێنا، موشەکی (بلوو سپارۆ ـ Blue Sparrow یان چۆلەکەی شین)، کە وەک تیرێکی بکوژ لەدەرەوەی بەرگەهەوا وەسفدەکرێت.


موشەکێک لەبۆشایی ئاسمانەوە دەگەڕێتەوە
به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتە سەربازییەکان‌و ڕۆژنامەی دەیلی تێلێگرافی بەریتانی، ئیسرائیل لەهێرشەکەیدا بۆ سەر تاران، موشەکێکی بالیستی پێشکەوتوی لەجۆری (Blue Sparrow) بەکارهێناوە، ئەو موشەکە تەنها چەکێکی ئاسایی نییە، بەڵکو تایبەتمەندییەکی هەیە کە سیستەمە بەرگرییەکان (کوێر) دەکات؛ ئەویش توانای فڕینە لەدەرەوەی بەرگەهەوای زەوی پێشئەوەی بەخێراییەکی (سەروو دەنگیی خەیاڵی ـ سوپه‌رسۆنیك) بەرەو ئامانجەکەی شۆڕببێتەوە.

بۆچی ڕاداری ئێران نەیتوانیی بیبینێت؟
خاڵی بەهێزی ئەو موشەکە لەکاتی گەڕانەوە بۆ بەرگەهەوادایە، کاتێک موشەکەکە بەرەو خوارەوە دێتەوە، خێراییەکەی چەند هێندەی خێرایی دەنگە، ئەمەش کاتێکی زۆر کەم دەداتە سیستەمە بەرگرییەکانی وەک (S-300) یان باوەڕی ئێرانی بۆ ئەوەی کاردانەوەیان هەبێت، لەڕاستیدا، بەرگرییە ئاسمانییەکان پێشئەوەی ئاگاداری هێرشەکەبن، تەقینەوەکە دەبینن.

ناسنامەی چۆلەکەی شین بەکورتی
دروستکراوی: کۆمپانیای (Rafael)ی ئیسرائیلی.
درێژی: 6.5 مەتر.
کێش: 1.9 تۆن.
مەودا: 2000 کیلۆمەتر.
تایبەتمەندی: لەبنەڕەتدا وەک ئامانجێکی مەشقی بۆ تاقیکردنەوەی سیستەمی "Arrow" دروستکراوە، بەڵام پەرەی پێدراوە بۆ ئەوەی ببێتە موشەکێکی هێرشبەری کوشندە.

پاشماوەکانی لەعێراق چی دەڵێن؟
دۆزینەوەی پاشماوەی بزوێنەری موشەکەکە لەناوچە بیابانییەکانی ڕۆژئاوای عێراق، ئەو گومانانەی ڕەواندەوە کە ئایا هێرشەکە چۆن ئەنجامدراوە، چونكه‌ شارەزایان ،دەڵێن ئەو پارچانەی لەعێراق کەوتونەتە خوارەوە، ئەو بەشانەی موشەکەکەن کە دوای جێبەجێکردنی ئەرکەکەیان لەجەستەی سەرەکی دەبنەوە، لەکاتێکدا کڵاوە جەنگییەکە بەوردییەکی بێوێنە گەیشتوەتە شوێنی نیشتەجێبونی خامنەیی لەتاران.

ئەو ئۆپەراسیۆنە کە بەداستانی توڕەیى ناسرا، نەک تەنها گۆڕانکاریی لەهاوسەنگی هێز لەناوچەکەدا کرد، بەڵکو سەلماندی کە تەکنەلۆژیای موشەکیی نوێ دەتوانێت هەموو دیوارە بەرگرییەکان ببڕێت‌و بگاتە هەستیارترین ناوەندەکانی بڕیار.