لاریجانی پەیامێکی بەپەلە ئاراستەی حزبەکانی ڕۆژهەڵات دەکات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5640 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا ئاگری ململانێکانی نێوان ئێران‌و ئەمریکا گەیشتوەتە لوتکە، جارێکی دیکە ناوی کورد وەک کارەکتەرێکی سەرەکی لەهاوکێشە ئاڵۆزەکانی ناوچەکەدا دەردەکەوێتەوە، لێدوانە نوێیەکانی عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، تەنها گوزارشتێکی سیاسی نین، بەڵکو ئاماژەن بۆ قۆناغێکی نوێی شەڕی سارد لەسەر خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.


لاریجانی بەزمانێکی نەرمتر لەجاران باس لەکورد دەکات‌و بەڕەسەن‌و ڕیشەدار ناویان دەبات، چاودێرانیش ده‌ڵێن، "ئەم گۆڕانە لەگوتاری تاراندا، هەوڵێکە بۆ دورخستنەوەی کورد لەو سیناریۆیەی کە ئێران پێیوایە، ئەمریکا بۆ دابەشکردنی وڵاتەکەی دایڕشتوەو تاران دەیەوێت بەبیرهێنانەوەی ئەزمونی تاڵی کوردانی سوریاو پاشەکشەکانی ئەمریکا، ئەو پەیامە بەکوردانی ڕۆژهەڵات بدات کە واشنتۆن هاوڕێیەکی جێی متمانە نییە".

لەبەرەی بەرامبەردا، دۆناڵد تره‌مپ بەزمانێکی پڕ لەسۆز دەڵێت، "نامەوێت کوردەکان ئازار بچێژن"، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەم سۆزەی تره‌مپ سەرەتایەکە بۆ پشتگیریکردنی مافە نەتەوەییەکانی کورد لەئێران، یان تەنها فشارێکی کاتییە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی؟

بڵاوبونەوەی هەواڵی پەیوەندییەکانی تره‌مپ بەسەرکردە کوردەکان‌و ئامادەکاریی حزبەکانی ڕۆژهەڵات بۆ گەڕانەوە، ناوچەکەی خستوەتەسەر لێواری گۆڕانکاریی گەورە، کورد ئێستا لەنێوان دوو بەرداشدایە، بەڵێنەکانی ئەمریکا کە هیوا لای بەشێک لەخەڵک‌و لایەنەکان دروستدەکات بۆ گۆڕانکاریی، واقیعی ناوچەکە کە لاریجانی هۆشداریی لێدەدات‌و بەداوی پلانەکان ناوی دەبات.

چاودێران ده‌پرس ئاخۆ کورد دەبێتە سودمەندی یەکەمی ئەم کێبڕکێیە نێودەوڵەتییە، یان وەک هەمیشە دەبێتە قوربانیی یەکەمی ڕێککەوتنە ژێرپەردەکان؟ ڕۆژانی داهاتوو وەڵامی ئەم هاوکێشە ئاڵۆزە دەدەنەوە.

بەپەلە