شارپرێس:
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی بەرگریی شارستانیی سوید هۆشداری دەدات کە پێویستە
کۆمەڵگەی سویدی خۆی بۆ ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی درێژخایەن ئامادە بکات کە رەنگە
چەند ساڵێک بخایەنێت.
مایکڵ فریسێل رایگەیاند کە سرووشتی ململانێ هاوچەرخەکان گۆڕاوە و تێکڕای
ماوەی جەنگە نوێیەکان گەیشتووەتە نزیکەی 3 ساڵ، هەر بۆیەش داوا لە هاووڵاتیان دەکات
توانای بەرگریی و خۆڕاگرییان بۆ ماوەیەکی وا درێژ پەرەپێبدەن.
ئەم بەرپرسە ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی سارد، سیستەمی
بەرگریی شارستانی لە سوید پاشەکشەی کردبوو، بەڵام ئێستا سەرقاڵی دووبارە بونیادنانەوەی
ئەو سیستەمەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان.
فریسێل کە بەم دواییانە سەردانی ئۆکرانیای
کردووە، دەڵێت ئەزموونی ئەو وڵاتە و ئەو هێرشە بەردەوامانەی دەکرێنە سەر ژێرخانی مەدەنیی
بە مووشەک و درۆن، نموونەیەکی روونی جەنگی مۆدێرنن.
ئەو جەخت دەکاتەوە کە ئامادەکاریی
گشتگیر بۆ پاراستنی کۆمەڵگە و دابینکردنی پێداویستییەکان لە کاتی قەیرانی درێژخایەندا،
بووەتە پێویستییەکی حەتمی و ستراتیژیی بۆ پاراستنی وڵات لە هەر هەڕەشەیەکی چاوەڕوانکراو.