دوو حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکیان گرت

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 523 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
دوو لایەنی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکیان گرت و دەڵێن، لەمەوبەدوا لە چوارچێوەی یەک حیزبدا درێژە بە خەبات و تێکۆشانیان دەدەن.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێک، پارتی سەربەخۆیی کوردستان و بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان،"، پاش پڕۆسەیەکی جیددی، بە دانیشتن و لێک تێگەیشتن، بەرپرسیارانە و ئامانجدار لە وتووێژ و گفتوگۆی سیاسی و ڕێکخراوەیی و پاش گەیشتن بە ڕێککەوتنی ستراتێژی تەواو لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی پێکهاتەی هاوبەش، بنەما و بنچینەکانی پەیڕەوی بنەڕەتی و بەرنامە و ئەساسنامە و پێکهاتەی ڕێبەرایەتیی نوێ یەکبوونی خۆیان ڕاگەیاند.

دەقی ڕاگەیاندراوەکە:

ڕاگەیەندراوی فەرمیی یەکگرتنی دوو هێزی سەربەخۆیی‌خواز؛ "بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان" و "پارتی سەربەخۆیی کوردستان"


ڕاگەیەندراوی فەرمیی یەکگرتنی دوو هێزی سەربەخۆیی‌خواز؛ "بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان" و "پارتی سەربەخۆیی کوردستان"
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!
حیزب و ڕێکخراو و کەسایەتییەکان!
تێکۆشەران، ئەندامان و سەرجەم دڵسۆزانی سەربەخۆیی بۆ کوردستان!
لەو بارودۆخە هەستیارەدا؛ بە خۆشحاڵیەوە ڕایدەگەیەنین کە ئێمە لە "پارتی سەربەخۆیی کوردستان" و "بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان"، پاش پڕۆسەیەکی جیددی، بە دانیشتن و لێک تێگەیشتن، بەرپرسیارانە و ئامانجدار لە وتووێژ و گفتوگۆی سیاسی و ڕێکخراوەیی و پاش گەیشتن بە ڕێککەوتنی ستراتێژی تەواو لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی پێکهاتەی هاوبەش، بنەما و بنچینەکانی پەیڕەوی بنەڕەتی و بەرنامە و ئەساسنامە و پێکهاتەی ڕێبەرایەتیی نوێ، یەکمان گرت و بەم شێوەیە خەڵکی کوردستان و بیروڕای گشتی ئاگادار دەکەینەوە:
هەردوو لایەنی سیاسی پارتی سەربەخۆیی کوردستان و بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، بە فەرمی یەکمان گرت و لەمەودوا چالاکییە سیاسی و نەتەوەیی و تەشکیلاتییەکانمان لە چوارچێوەی یەک حیزبی نوێ لەژێر ناونیشانی:
"پارتی سەربەخۆیی کوردستان" درێژە پێ دەدەین.
ئەم بڕیارە جیا لە ڕێککەوتنێکی ڕێکخراوەیی لە نێوان دوو ڕەوتی سیاسی، وڵامێکی مێژوویی و نەتەوەیی و بەرپرسیارانەیە بە خواستی نەتەوەکەمان لە لایەک و هەلومەرجی هەستیار و قۆناغی چارەنووسسازی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و 
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی. لەم بارودۆخەی ئێستا دا کە ناوچەکە لە گەڵ شەڕ و گرژی، گۆڕانی ژیۆپۆلیتیکی، گۆڕانکاری لە هاوسەنگی هێز و هەنگاونان بەرەو سەر لە نوێ داڕشتنەوە و دیزاین کردنەوەی نەخشەی ناوچەکە و ڕۆڵ و کاریگەریی کارەکتەرە جیهانی و ناوچەییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە، کوردستان زیاتر لە هەر قۆناغێکی دیکە وەک یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی گۆڕانکارییە ناوچەییەکان دەردەکەوێت، بۆیە ئێمە گەیشتووینەتە ئەو باوەڕە کە؛ پڕش وبڵاویی هێزە سەربەخۆییخوازەکان چیتر وڵامدەری پێداویستییەکانی ئەم قۆناغە نییە و یەکدەنگی و یەکبوونی نەتەوەیی و یەکگرتوویی سیاسیی سەربەخۆییخوازان، پێویستییەکی هەنووکەیی و مێژووییە. هەروەها بەدیهێنانی ئامانجەکانی نەتەوەی کورد پێویستی بە یەکڕیزیی ئیرادە و یەکڕیزیی ڕیزەکان و چڕبوونەوە و تەرکیز کردن لە سەر توانای نەتەوەیی هەموو تاک و لایەنەکانی کوردستان هەیە.
لەسەر ئەم بنەمایە، بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە وێژمانی سەربەخۆییخوازی، بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە ئازار و قوربانیدان و ئاڕمانجی نەتەوەیی نەتەوەکەمان و بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لەبەردەم مێژوودا، پێکەوە ئەم هەنگاوە دەنێین تا لەگەڵ یەک، بە هێزی زیاتر شەرعیەت و ڕەوایی زیاتر و ئاسۆیەکی ڕوونتر، درێژە بە تێکۆشانی سیاسی و نەتەوەیی بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان بدەین.
بناغە و بنەما فیکرییەکانمان و ئامانجی سیاسیمان بریتین لە:
یەکگرتنی ئەمڕۆمان لەسەر بنەمای باوەڕێکی ڕوون و ئاشکرا و بێ دوو دڵی دامەزراوە. نەتەوەی کورد نەتەوەیەکە کە مافیی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی هەیە ، ئەم مافەش مافێکی مێژوویی، سروشتی، سیاسی و ڕەوایە کە هیچ دەستەڵاتێک ناتوانێت لێی زەوت بکا یان لێی بستێنێتەوە.
ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باوەڕمان وایە؛ پێویستە دان بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد دا بنرێت؛ پێویستە  نەتەوەی کورد خاوەنی سەروەریی سیاسیی خۆی بێت و  خەبات و تێکۆشان و هەوڵی ڕێکخراو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێ سەربەخۆی کوردستان ئامانجێکی ڕەوا و نەتەوەیی و مێژووییە. لەم ڕوانگەیەوە سەربەخۆیی بۆ ئێمە دروشمێکی کاتی نییە؛ پڕۆژەیەکی نیشتمانییە، پێویستییەکی مێژووییە و ئاسۆی ستراتیژی خەبات و تێکۆشانمانە.
ئەم یەکگرتنە، دەربڕ و ڕەنگدانەوەی چەند ڕاستییەکی گرنگە:
١) ئێمە نیشان دەدەین و دەیسەلمێنین کە هێزە سەربەخۆییخوازەکان دەتوانن بە پاراستنی شکۆ و کەرامەتی سیاسی، بە گفتوگۆ و دیالۆگ، بە لێک تێگەیشتن، بە بەرپرسیارانەیی و بە تێگەیشتن لە بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەکەمان، بگەنە یەکگرتوویی.
2) لە ئەمڕۆوە بە پشت بەستن بە پێکهاتەیەکی یەکگرتوو ،سەرکردایەتی و ڕێبەریی هاوبەش، بەرنامە و یاسایەکی ڕوون و ئیرادەیەکی سیاسیی یەکگرتوو، قۆناغێکی نوێی خەباتی سیاسیی ڕەوتی سەربەخۆییخوازی دەست پێدەکات.
3) ئەم یەکگرتنە بە مەبەستی بەهێزکردنی گوتاری سەربەخۆییخوازی، زیادکردنی هێزی ڕێکخستن، فراوانکردنی پەیوەندیی زیاتر لەگەڵ نەتەوەکەمان و بەرزکردنەوەی سەنگ و قورسایی سیاسیی حیزبەکەمان و وێژمانی سەربەخۆییخوازی لە هاوکێشەکانی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ئەنجامدراوە.
4) ئێمە بەم کارە، جارێکی تر جەخت لەوە دەکەینەوە کە بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی نەتەوەی کورد لە پێش هەر جۆرە بەرژەوەندیەکی تەسکی حیزبی و تاکە کەسی دایە.
نەتەوەی تێکۆشەر و سەربەرزی کوردستان
ئەم هەنگاوە وڵامێکە بۆ چاوەڕوانیی مێژوویی ئێوە بۆ یەکڕیزی، لێکنزیکبوونەوە و یەکگرتوویی هێز و لایەنە سەربەخۆییخوازەکان. ئێمە زۆر باش دەزانین کە نەتەوەکەمان لە چەندین دەیەی ڕابردوودا نزخێکی قورسی بۆ  ئازادی، سەربەخۆیی، کەرامەتی سیاسی، شوناس، مانەوە و ناسنامەی خۆی داوە. ئەمڕۆ ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە بە هێزێکی زیاترەوە، بە پێگەیشتوویی سیاسی، یەکگرتوویی ڕێکخراوەیی و بە گوڕ و تینێکی نوێوە ڕوو لە ئاسۆی ڕوونی نەتەوەیی، درێژە بەم ڕێگایە بدەین.
ئێمە پابەند دەبین و بەڵێن دەدەین کە پارتی یەکگرتوومان دەنگی ڕوونی ئیرادەی نەتەوەیی و داکۆکیکاری ڕاستەقینەی مافەکانی نەتەوەی کورد و ئامرازێکی ڕێکخراو بێت بۆ پێشخستن و بەرەو پێشبردنی دۆزی سەربەخۆییخوازی.
هەر بەم بۆنەیەشەوە؛ داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسیەکان، ژنان و چالاکانی سیاسی و مەدەنی، کەسایەتیەکان، ڕووناکبیران، لاوان، سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان و هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە سەربەخۆیی کوردستان هەیە، دەکەین کە؛ ئەم دەرفەتە مێژووییە بە جیددی وەربگرن؛ با پاڵپشت و هاوسەنگەر و هاوخەباتیی یەکتر بین. جیاوازییە فکری و ئایدیۆلۆژیەکانی لە ئێستا دا بنێنە لاوە و لە دەوری خاڵە هاوبەشە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان کۆ ببینەوە. بە بەرپرسیارێتی و بوێری سیاسیەوە، بەرەوە پێکهێنانی هێڵێکی فراوانتر و بە هێزی سەربەخۆییخوازی  هەنگاو بنێن. ئەمجارە دەبێت بە ئیرادەیەکی یەکگرتوو، ڕێکخراو و نەتەوەیی، سەروەریی سیاسی خۆمان بە دەستەوە بگرین و بگەینە سەربەخۆیی و بنایتنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، پێویستە داهاتوو بۆ بەرژەوەندیی نەتەوەکەمان دابڕێژین.
ئێمە لە پارتی سەربەخۆیی کوردستان، لە ئەنجامی ئەم یەکگرتنە مێژووییە، جارێکی دیکە بەڵێن بە نەتەوەکەمان دەدەین:
* لەسەر ڕێگای ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان پتەو، بە ورە، شێلگیر و پێداگر بمێنینەوە.
* داکۆکی لە مافی سەروەریی سیاسیی نەتەوەی کورد بکەین.
* لە بەرامبەر گۆڕانکارییە چارەنووسسازەکانی ناوچە، بە وشیاریی سیاسی، بەرپرسانە و نەتەوەیی کار بکەین ئەم دەرفەتانە بقۆزینەوە.
* هەموو هێز و توانای خۆمان لە ڕێگەی ڕێکخستن، یەکگرتوویی و سەرکەوتنی وێژمان و گوتاری سەربەخۆییخوازی بەکاربهێنین.
بە پشت بەستن بە ئیرادەی نەتەوەکەمان و بە هیوای داهاتوویەکی ئازاد و سەربەخۆ بۆ کورد و کوردستان یەکگرتوانە بەرەو ئاسۆیەکی روون هەنگاو داوێین.
سەرکەوێ خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد بۆ بنیاتنان و دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.
پیرۆز بێ یەکگرتنی پارتی سەربەخۆیی کوردستان و بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
٢٠ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ی کوردی
11/03/2026ی زایینی