شارپرێس:
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی خەبەری ئێران ڕایگەیاند کە ئەگەر ئەمڕۆ گەرووی هورمز دابخرێت ئەوا مەبەستیان زیان گەیاندن نییە بە وڵاتانی دراوسێ بەڵکو تەنها وەک مافێکی ڕەوا بۆ بەرگریکردن لە خۆیان پەنای بۆ دەبەن.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە کاتێک دوژمن لە خاکی وڵاتانی ناوچەکەوە موشەک ئاراستەی ئێران دەکات ئەوا وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە بە ئەرکی خۆیان دەزانن.
قالیباڤ جەختی لەوەش کردەوە کە بەهۆی دەستوەردانەکان و نەبوونی ئاسایش لە ماوەی ڕابردوودا چیتر گەرووی هورمز لە ڕووی یاسایی و هاتووچۆی دەریاییەوە ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشووی خۆی و گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەردا هاتووە چونکە لە ئێستادا زۆرێک لە کەشتییە بیانییەکان ناتوانن بە ئاسانی تێپەڕ بن.