شارپرێس:
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دەدات کە ئەگەر جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا کۆتایی مانگی حوزەیران بەردەوام بێت، کارەساتێکی مرۆیی گەورە ڕوو دەدات و نزیکەی 45 ملیۆن کەسی دیکە دەکەونە بەر مەترسیی برسێتییەکی توند، ئەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی بەدەست نائاساییشی خۆراکەوە دەناڵێنن دەگەیەنێتە ئاستێکی کارەساتبار.
کارڵ سکاو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە جنێڤ ڕایگەیاند کە درێژەکێشانی ئەم ململانێیە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زۆری نرخی کاڵا بنەڕەتییەکان و پاڵنانی دەیان ملیۆن کەس بەرەو برسێتییەکی بێوێنە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا 319 ملیۆن کەس لە جیهاندا بەدەست نائاساییشی خۆراکی توندەوە دەناڵێنن، کە ئەمە ژمارەیەکی پێوانەیییە و باری مرۆیی تەنانەت پێش دەستپێکردنی جەنگ لە 28ی شوباتیشدا زۆر ناسک بووە.
تێکەڵبوونی قەیرانەکانی کەشوهەوا و ململانێ ناوچەیییەکان قەیرانەکەی قووڵتر کردۆتەوە، بە شێوەیەک کە بەرنامەی خۆراکی جیهانیی بەهۆی کەمبوونەوەی بودجە بەراورد بە ساڵانی 2023 و 2024، ناچار بووە ژمارەی کارمەندانی کەم بکاتەوە و کارەکان بەرتەسک بکاتەوە.
سکاو جەختی کردۆتەوە کە جەنگەکە بووەتە هۆی پچڕانی زنجیرەی دابینکردن و بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە بەهۆی گرانبوونی سووتەمەنی و گۆڕینی ڕێڕەوەکانی کەشتیوانی، ئەمەش وای کردووە ئاژانسەکە نەتوانێت بە ئاسانی ڕووبەڕووی ئەم تەحەدییە گەورانە ببێتەوە.