هەژان لەپەیوەندییەکانی ڕیازو تاران.. سعودیە بەهەنگاوێکی توند وەڵامی ئێران دەداتەوە

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 960 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەپەرەسەندنێکی دراماتیکی‌و چاوەڕواننەکراودا، سعودیە لاپەڕەیەکی نوێی لەگرژییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئێران هەڵدایەوە، وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستانی سعودیە، بەفەرمی بڕیاری دەرکردنی نوێنەرانی سەربازی ئێرانی لەخاکەکەی ڕاگەیاند، ئەمەش دوای زنجیرەیەک هێرش‌و پێشێلکاریی کە ڕیاز بەبەزاندنی هێڵە سورەکان وەسفیدەکات.


حکومەتی سعودیە بڕیارێکی دەرکردو تەنها 24 کاتژمێر مۆڵەت درا بەپاشکۆی سەربازیی باڵیۆزخانەی ئێران، یاریدەدەرەکەیی‌و سێ کارمەندی دیكه‌ى نێردە دیپلۆماسییەکە بۆ ئەوەی خاکی شانشینەکە جێبهێڵن، ڕیاز بەفەرمی ئەوانی وەک کەسایەتی نەخوازراو ناساندوە، ئەمەش بەرزترین ئاستی ناڕەزایەتی دیپلۆماسییە پێش پچڕانی یەکجاری پەیوەندییەکان.

ڕیاز ئەم هەنگاوەی گەڕاندەوە بۆ چەند خاڵێکی هەستیار، له‌وانه‌ش، سعودیە تاران تۆمەتباردەکات بەوەی بەردەوامە لەبەئامانجگرتنی سەروەریی وڵاتەکەیی‌و ناوچە مەدەنییەکان‌و دامەزراوە ئابورییەکان، ئەو بڕیارە نیشانەیەکی ڕونە بۆ شکستی ئەو لێکتێگەیشتنەی کە بەنێوەندگیریی چین کرابوو، هه‌روه‌ها سعودیە پاڵپشت بەمادەی 51 لەپەیماننامەی نەتەوەیەکگرتوەکان (مافی بەرگریی لەخۆكردن) جەختیکردەوە، بۆ پاراستنی ئاسایش‌و ئاسمانی وڵاتەکەی، سڵ لەهیچ ڕێکارێک ناکاتەوە.

ئەم بڕیارەی سعودیە کە دوای هۆشدارییەکەی 9ی ئاداری 2026 هات، پەیامێکی توندە بۆ تاران؛ "گوتارە ئیسلامییەکانتان لەگەڵ کردارەکانتان یەکناگرێتەوە"، ئێستا ناوچەکە چاوەڕێی کاردانەوەی ئێران‌و کاریگەرییەکانی ئەم بڕیارە دەکات لەسەر نەخشەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.