شارپرێس:
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشە دەكات و دەڵێت،" ئەگەر ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل هێرش بکەنە سەر ژێرخانی وڵاتەکەی، ئەوا تاران ژێرخانی هەستیاری تەواوی ناوچەکە وێران دەکات.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانلەپۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نوسی،"دەستبەجێ دوای ئەوەی وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وڵاتەکەمان کرانە ئامانج، ژێرخانی هەستیار و دامەزراوەکانی وزە و نەوت لەسەرانسەری ناوچەکەدا وەک ئامانجی رەوا دەبینرێن و بە شێوەیەکی هەمیشەیی وێران دەکرێن."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداریشی دا کە لەئەنجامی کارێکی وەها، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا "بۆ ماوەیەکی درێژ" بەرز دەبێتەوە.
ئەم هەڕەشەیەی قالیباف دوای ئەوە هات، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ 48 کاتژمێر کاتی دایە تاران بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز.