ڕێبەری نوێی ئێران.. لەنێوان برینێکی سه‌خت‌و ونبونێکی گوماناویدا

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 464 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەدوای کوژرانی باوکی‌و دیارنەمانی خۆی، موجتەبا خامنەیی ئێران دەخاتە ناو قەیرانێکی ناسنامەوە، لەکاتێکدا تاران بەوێنەی دەستکاریکراو هەوڵی سەلماندنی بونی دەدات، هەواڵگریی ئەمریکا باس لەبرینداربونی سەختی دەکات؛ غیابێک کە سنوری ئەمنیی تێپەڕاندوەو گەیشتوەتە ئاستی گومان لەمانەوەی لەژیاندا.


لەدوای یەکەمین وتاری ئاراستەکراو بۆ گەلی ئێران لە 12ی ئاداردا، تەمومژێکی زۆر دەوری چارەنوس‌و شوێنی نیشتەجێبونی موجتەبا خامنەیی ڕێبەری نوێی ئێرانی گرتوە، تائێستا ناوبراو لەهیچ بۆنەیەکی گشتیدا دەرنەکەوتوەو دەسەڵاتدارانی ئێرانیش هیچ تۆمارێکی دەنگیی یان ڤیدیۆیى تازەیان بڵاونەکردوەتەوە.

هەندێک شرۆڤەی میدیایی‌و ئەکادیمی ئاماژە بەوەدەکەن، ئەو وێنە کەمەی دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر بڵاوکراوەتەوە، لەوانەش وێنەی هەژمارەکەی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس"، بەتەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد (AI) دروستکراون یان دەستکاریکراون، ئەمەش گومانی لای هاوڵاتیانی ناوخۆی ئێران دروستکردوە کە ئایا ڕێبەرە نوێیەکەیان لەژیاندایە یان بەهۆی هێرشەکانەوە گیانی لەدەستداوە؟

موجتەبا خامنەیی (56 ساڵ) لەکاتێکدا بوو بەجێگرەوەی باوکی، کە عەلی خامنەیی لەیەکەم ڕۆژی جەنگدا بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگاکەی کوژراو تێیدا چەندین ئەندامی خێزانەکەشی گیانیان لەدەستدا. به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی بەرپرسانی ئێرانی‌و ڕۆژئاوایی، موجتەبا لەو هێرشەدا برینداربوە، بەڵام ئاستی مەترسی برینەکەی بەنادیاریی ماوەتەوە.

لەکاتێکدا تۆڵسی گابارد بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی ئەمریکا دەڵێت، خامنەیی برینێکی سەختی هەیە، بەرپرسانی ئێران لەلێدوانە نهێنییەکانیاندا جەختدەکەنەوە، ئەو هێشتا توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی هەیەو تەنها لەبەر هۆکاری ئەمنیی خۆی حەشارداوە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئیسرائیل بەردەوامە لەبەئامانجگرتنی سەرکردە باڵاکانی وەک عەلی لاریجانی سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کە تەنها چەند ڕۆژێک دوای دەرکەوتنی کوژرا.

سەرەڕای ئەوەی لەپەیامێکی نوسراودا بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە خامنەیی دڵنیاییدایە لایەنگرانی کە سیستەمەکە جێگیرە، بەڵام خوێندنەوەی پەیامەکە لەلایەن بێژەرێکی تەلەفزیۆنییەوەو نەبونی هیچ گرتەیەکی ڤیدیۆیی، گومانەکانی زیاترکرد، دەزگا هەواڵگرییەکانی وەک سى ئاى ئه‌یى‌و مۆساد، چاوەڕێی وتاری نەورۆزیان دەکرد، بەڵام بێدەنگییەکەی موجتەباو دەرنەکەوتنی، مەتەڵی شوێن‌و دۆخی تەندروستی ئاڵۆزترکرد.