شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای، وڵاتانی تورکیا، سعودیە، میسر و
پاکستان خەریکی ڕاوێژن بۆ دامەزراندنی چوارچێوەیەکی ھاوکاریی ئەمنیی چوارقۆڵی کە
ئامانجی ھەماھەنگییە لە پرسە بەرگرییەکان و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە ناوچەییەکان.
وەزیرانی دەرەوەی ئەم چوار وڵاتە لە
ڕیاز کۆبوونەتەوە و بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ باسیان لە پەرەپێدانی فۆرمێکی
دامەزراوەیی کردووە کە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی زانیاریی ھەواڵگریی، بەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشە
سنووربەزێنەکان و ھاوکاریی لە پیشەسازیی بەرگرییدا لەخۆدەگرێت.
دەشڵێت: ئەم دەستپێشخەرییە وەک ھاوپەیمانییەکی
سەربازیی پابەندکەر نابینرێت، بەڵکو سەکۆیەکی نەرمە بۆ یەکخستنی توانا خودییەکانی
ئەم وڵاتانە لە سایەی ناسەقامگیرییەکانی ناوچەکەدا.
ئەوەش هاتووە: ڕاوێژەکان پرسی گرژییەکان لەگەڵ ئێران و دۆزینەوەی ڕێگەی
هاوبەش بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پێکدادانیان گرتووەتەوە، هەروەک لایەنەکان جەختیان
لە گرنگی دروستکردنی متمانە و کەناڵی پەیوەندیی بەردەوام کردۆتەوە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری.
هەرچەندە ئەم پرۆژەیە هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدایە و بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە،
بەڵام نیشاندەری ئاراستەیەکی نوێیە بۆ دروستکردنی جەمسەرێکی کاریگەر لە جیهانی ئیسلامییدا
بەرامبەر گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییە خێراکان.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
