ئێران ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیل ئاشکرادەکات

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1877 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەشی عیبری لە ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی ئێرانی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات کە ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیل لە شەڕی ئەم دواییەدا گەیشتووەتە لانیکەم 1281 کەس. 

 
ئەم ئامارە لە ئەنجامی چاودێرییەکی وردی داتاکانی گۆڕستانە سەرەکییەکانی وەک هار همنوحوت، یەرکۆن، حۆلۆن، سگۆلا، کیریات شائول، حەیفا و ئەسدوود بەدەست هاتووە.

هەروەک ڕاپۆرتەکە پشتی بە زانیارییەکانی ڕێکخراوی "خەورا کادیشا" بەستووە کە بەرپرسی کاروباری ناشتنە لە ئیسرائیل، لەگەڵ بەدواداچوون بۆ جووڵەکانی ڕێکخراوی "زاکا" کە تەنها مامەڵە لەگەڵ تەرمەکاندا دەکات.

بەپێی شیکارییەکانی تەسنیم، تێکڕای مردنی ڕۆژانە لە بارودۆخی ئاساییدا نزیکەی 150 کەسە، بەڵام لە ماوەی 21 ڕۆژی ڕابردوودا ئەم ڕێژەیە ڕۆژانە 61 کەسی تری چۆتە سەر و گەیشتووەتە 211 مردوو لە ڕۆژێکدا،  بەم پێیە کۆی ژمارەی کوژراوە زیادەکان دەگاتە 1281 کەس.

 ئاماژە بەوەش کراوە کە تیمەکانی زاکا 703 جووڵەیان تۆمار کردووە، ئەمەش بەڵگەیەکی ترە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم ئامارە کە زۆر زیاترە لەوەی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بە فەرمی ڕایانگیاندووە.

 جێگەی باسە ئەم ڕاپۆرتە هێشتا ئاماری کوژراوەکانی ناوچەکانی عەراد و دیمۆنای تێدا ئەژمار نەکراوە کە لە ڕۆژانی دواییدا ڕوویان داوە. 

دەشڵێت: ئەم زانیارییانە لە کاتێکدایە کە باس لەوەدەکرێت لە شەپۆلی 73ی پرۆسەی "بەڵێنی ڕاستەقینەی 4"،  زیاتر لە 200 کوژراو و برینداری لە ڕیزەکانی سوپای ئیسرائیل لێکەوتۆتەوە.