شارپرێس:
بهگوێرهى هەڵسەنگاندنێکی هەواڵگریی نوێ کە لەلایەن ڕۆژنامەی "تایمز"ی بەریتانییەوە بڵاوکراوەتەوە، موجتەبا خامنەیی ڕێبەری نوێی ئێران، بەهۆی تێکچونی باری تەندروستییەوە بەتەواوی پەکیکەوتوەو چیتر ناتوانێت کاروباری وڵاتو پرۆسەی بڕیاردانی سیاسیی بەڕێوەببات.
زانیارییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ناوبراو لەشاری قوم لەژێر چارەسەری وردی پزیشکیدایەو هەندێک سەرچاوەی هەواڵگریی ئەمریکیو ئیسرائیلییش باس لەوەدەکەن، کە کەوتوەتە ناوباری کۆماوەو دۆخی جەستەیی زۆر "قورسو مەترسیدارە".
ئەم پێشهاتە دراماتیکییانە دوای ئەوەدێن، پێشتر دەنگۆی ئەوە هەبوو موجتەبا خامنەیی تەمەن 56 ساڵ، لەهەمان ئەو هێرشە ئاسمانییەی مانگی شوباتی ڕابردوو کە بوە هۆی کوژرانی باوکیو چەند ئەندامێکی خێزانەکەی، بەسەختی برینداربوبێت.
هەرچەندە لەسەرەتای مانگی ئاداردا بەفەرمی وەک جێنشینی باوکی ناسێندرا، بەڵام نەبونی هیچ دەرکەوتنێکی گشتیی لەوکاتەوە تائێستا، گومانی زۆری لای چاودێران دروستکردوە.
هاوکات، ئامادەکارییەکان بۆ دروستکردنی مەزارگەیەکی گەورە لەشاری قوم کە چەند گۆڕێکی تێدا ئامادەکراوە، ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ئەوەی کە ڕەنگە جەستەی موجتەباو باوکی پێکەوە لەو شوێنە بنێژرێن.
