شارپرێس:
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم دڵنیایی دەداتە هاوڵاتییان و دەڵێت،
بەهۆی راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئەمریکا و ئێران سەرجەم دەروازە سنوری و فڕۆکەخانەکان
دەکرێنەوە و هاتوچۆی بازرگانی ئاسایی دەبێتەوە، بەهۆیەوە نرخی کاڵا و خۆراکیش
دادەبەزێت.
نەوزار شێخ کامل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم لەلێدوانێکدا بۆ
کەناڵی ڕوداوی نزیک لە پارتی ئاماژەی بەوەکردوە،" ئێستا
هەموو رێگاکان بۆ هێنانی خۆراک و کەلوپەل کراوەن و دۆخەکە بەتەواوی ئاسایی بوەتەوە
".
ئەوەشیخستەڕوو، "پێویست بەوە ناکات خەڵک خواردنی
زیادە لە ماڵەوە هەڵبگرێت، چونکە زۆربونی خستنەڕوی کاڵا دەبێتە هۆی ئەوەی لە
ئایندەیەکی نزیکدا نرخی کەلوپەل و خۆراک دابەزێت و بازاڕ هاوسەنگ بێتەوە."
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم باسی لەوەشکرد،" لەو ماوەیەشدا
کە هاتوچۆ کەم بوو، ئێمە هیچ کێشەیەکی خۆراکمان نەبوو و خۆراکی پێویستمان لە
کۆگاکاندا هەبوە."