پارتی بایکۆتکردنی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی راگەیاند

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 493 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ئەوەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق سبەینێی بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیاریکرد، جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمان کە لە پشکی پارتییە، لەڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت،" رەزامەندی نادەین لەسەر ئەو دانیشتنە ".

فەرهاد ئەتروشی، جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" لەچوارچێوەی ئەرکە نیشتیمانییەکانمان و لەپەرۆشیمان بۆ سەقامگیری پرۆسەی سیاسی و زامنکردنی رێڕەویم دیموکراسی لە وڵاتەکەدا، لێرەوە رایدەگەیەنین کە رەزامەندی نادەین لەسەر خشتەی کاری دانیشتنی سبەی شەممە، کە تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ".

ئەوەشیخستەڕوو،" تاکو ئێستا هیچ تەوافوقێکی سیاسی و نیشتیمانی لەسەر شایستە دەستورییەکان بەدی نەهاتوە، بەتایبەت پۆستی سەرۆک کۆمار کە پەیوەستە بە یەکگرتویی وڵات و پاراستنی دەستور ".

فەرهاد ئەتروشی پەیامێک ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان دەکات و دەڵێت،" داوا دەکەین هەلی زیاتر بە لێکتێگەیشتن و گفتوگۆکان بدرێت نۆ ئەوەی ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن و تەوافوقی نیشتیمانی لەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار دروست بێت، کە کەسێک بێت لەلایەن هەموانەوە قبوڵکراو بێت.

لەبارەی کاندیدی سەرۆک وەزیرانیش، فەرهاد ئەتروشی باس لەوەدەکات، تاکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەسەر ئەو پۆستە نەکراوە، کە گرنگترین پۆستی ئیدارییە  لە وڵاتدا و مافی خۆمانە زانیاریمان  هەبێ لەسەر ئەو کەسەی کاندید دەکرێت و رامان لەسەر ئەو پرسە هەبێت.