شارپرێس:
ئەمریکا بە فەرمی داوای لە حکومەتی عێراق کردوە گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران
هەڵبوەشێنێتەوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات، ئەمەش دوای ئەوە هات کە کریستوفر
لاندۆ، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، نزار خەیروڵڵا، باڵیۆزی عێراقی لە
واشنتۆن بانگهێشت کرد بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەکی توند سەبارەت بەو هێرشانەی کە دەکرێنە
سەر نێردە دیپلۆماسییەکان لەعێراق.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو گروپانەی بە بەرپرسیاری هێرشەکەی
سەر کونسوڵخانەی کوێت لە بەسرە لە ڕێکەوتی 7ی نیسان و هەروەها کەمین دانان بۆ دیپلۆماتکارانی
ئەمریکی لە بەغداد لە 8ی نیسان هەژمار کردووە.
واشنتۆن هۆشداریی داوە کە بێدەنگی
حکومەتی عێراق و دابینکردنی پاڵپشتی سیاسیی و دارایی بۆ ئەم گروپانە، کاریگەریی نەرێنی
لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەبێت.
وەک هەوڵێکی مەیدانی، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد خەڵاتێکی دارایی بە بڕی
3 ملیۆن دۆلار دیاری کردووە بۆ هەر کەسێک کە زانیاری وردیان پێ بدات سەبارەت بەو میلیشیایانەی
هێرش دەکەنە سەر بنکە دیپلۆماسییەکان.
ئەمریکا بەڵێنی داوە کە هەر هاوڵاتییەکی
عێراقی زانیاریی بدات، جگە لە پارەکە، مافی ئەوەی هەبێت بۆ ژیان بگوازرێتەوە بۆ ویلایەتە
یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
هاوکات لەگەڵ ئەم گرژییانەدا، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، بە
شەو سەردانی ئەو شوێنانەی کردووە کە لە بەغداد کرابوونە ئامانج، ئەمەش وەک هەوڵێک
بۆ نیشاندانی کۆنترۆڵکردنی بارودۆخە تەمنییەکە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
