شارپرێس:
فراکسیۆنی نەوەی نوێ
لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند، وەک بەرپرسیارێتییەکی نیشتیمانیی و ئەخلاقیی
و پەرلەمانیی، بەشداریی
کۆبونەوەی سبەینێی پەرلەمان دەکەن، کە بڕیارە سەرۆک کۆماری نوێی تێدا هەڵبژێردرێت،
دەشڵێت، بریاری گەلی کورد لای تاکە حیزبێک نییە تا بەئارەزووی خۆی زەوتی بکات.
فراکسیۆنی نەوەی نوێ
لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" پێویستە پەرلەمان لە وادەی خۆیدا ئەرکە دەستورییەکان
جێبەجێ بکات و ڕێگا نەدات هیچ حیزب و لایەنێک بڕیار و کۆدەنگیی کورد قۆرخ بکات، وەکچۆن
ئێستا پارتیی و هەندێک لایەن دەڵێن سبەینێ بەشداریی کۆبونەوەی پەرلەمان ناکەین بۆ هەڵبژاردنی
سەرۆک کۆمار ".
ئەوەشیخستەڕوو،"
بێگومان ئەمانە ترسیان لە ڕوبەڕوبونەوەی سیاسیی و کێبڕکێی دیموکراسیی هەیە، بۆیە هەمیشە
بیانوو دەهێننەوە و خۆیان لە پشت درووشمی یەکڕیزیی و تەوافوق دەشارنەوە، لەکاتێکدا
ئەمانە باوەڕیان بەو پرەنسیپە نییە لەناو خودی هەرێمدا، بۆیە لەبری پاساوهێنانەوە و
دروشمی دوبارە، با بکشێنەوە لە پرۆسەی سیاسیی ".
فراکسیۆنی نەوەی
نوێ دەشڵێت،" ئەو پەرلەمانتارانەی واژویان لەسەر داوای ئەنجامدانی دانیشتنەکە
کردوە، بەرپرسیارێتییەکی مێژویی لەبەردەم گەلی کورد و دەستوردا هەڵدەگرن و پێمانوایە
هەمویان لەم رۆژە گرنگەدا ئامادە دەبن ".
راشیدەگەیەنێت،"
لەگەڵ ئەوەداین پێویستە ناوی هەموو ئەو کەسانە بنوسرێت و بۆ هاوڵاتیانی ئازیزی کوردمان
بڵاو بکرێتەوە کە ئامادە نەبونە لە دانشتنەکەدا، تا بۆ خەڵک و ڕای گشتیی ڕون بێتەوە
چ لایەنێک و کەسێک هەوڵی پەکخستن دەدەن و کێش لەگەڵ چەسپاندنی دەستور و دامەزراوە دەستورییەکاندایە ".
