شارپرێس:
مەسعود بارزانی هۆشداری
بە لایەنە سیاسییەکان و تایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی دەدات لەوەی بەبێ بونی کۆدەنگی
سیاسی هەنگاو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار نەنێن.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی
پارتی دیموکراتی کوردستان لە پۆستێکدا لە سەکۆی "ئێکس" ئاماژەی بەوەکردوە،"
سوربونی هەندێک لایەنی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەنگاونان بەرەو هەڵبژاردنی
سەرۆک کۆمار و بەردەوامبونی هەندێک لایەنی دیکەشیان بۆ یەکلانەکردنەوەی کاندیدی
سەرۆک وەزیران قبوڵکراو نییە ".
ئەوەشیخستەڕوو،" دوپاتیدەکەینەوە
کە بەبێ یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستانە بە کۆندەنگی هەمولایەنەکان، هەنگاو بۆ هیچ
شایستەیەکی دەستوری نانێن، بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان لە دانیشتنەکەی سبەینێی پەرلەمان
بەشداربن ".
ئەمەش لەکاتێکدایە،
دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق خشتەی کاری دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی
بڵاوکردوەتەوە و تێیدا دانیشتنەکە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار تەرخانکراوە، تاکو
ئێستاش پارتی بڕیاریداوە بایکۆتی ئەو دانیشتنە بکات.
هاوشێوەی دوو خولی رابردوی
هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بۆ ئەم خولەش پارتی و یەکێتیی بە دوو کاندیدی جیا دەچنە
کێبڕکێوە، پارتی فوئاد حسێن و یەکێتیش نزار ئامێدی کاندید کردوە.
