شارپرێس:
فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، نابێت
پرسی نەبونی سازان ببێتە هۆکارێک بۆ پەکخستنی تەواوکردنی شایستە دەستورییەکان و بەتایبەت
پۆستی سەرۆک کۆمار، دەشڵێت،" دواکەوتنی یەکلاییکردنەوەی ئەم پۆستە کاروانی دەوڵەت
پەکدەخات ".
فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق
لەپەیامێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" لەژێر ڕۆشنایی ئەو بارودۆخە هەنوکەییەی وڵات
پێیدا تێدەپەڕێت، و لە وەڵامی شایستە دەستوورییەکان کە گەلی عێراق چاوەڕوانی دەکات،
فراکسیۆنی یەکێتیی جەخت دەکاتەوە لەسەر پێویستی بەستنی کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران
لەسبەی شەممەدا، بە مەبەستی تەواوکردنی گرنگترین شایستەی دەستوری کە خۆی لە هەڵبژاردنی
سەرۆک کۆماردا دەبینێتەوە ".
ئەوەشیخستەڕوو،" ئەم مەلەفە کاتێکی پێویستی بۆ یەکلاییکردنەوە
وەرگرتوە، بۆیە نابێت پرسی نەبونی سازان ببێتە هۆکارێک بۆ پەکخستن و تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان، کە بە کۆڵەکەی
سەرەکی بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و دەستەبەرکردنی سەقامگیری سیاسی و ئابووری
دادەنرێت ".
فراکسیۆنی یەکێتی باسی لەوەشکرد،" دواکەوتنی یەکلاییکردنەوەی
ئەم پۆستە کاروانی دەوڵەت پەکدەخات و دەبێتە هۆی کەڵەکەبونی مەلەفە ئابوری، خزمەتگوزاری
و ئەمنییەکان کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی هاوڵاتییانەوە هەیە ".
وتیشی،" هاوڵاتیانی عێراق چاوەڕوانن ئەنجومەنی نوێنەران
هەڵبستێت بە بەرپرسیارێتییە دەستورییەکانی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو تەحەدییانەی ڕوبەڕوی
عێراق دەبنەوە لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی، هەروەها باشترکردنی باری گوزەران
و دابینکردنی هەلی کار ".
فراکسیۆنی یەکێتیی داوا لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران
دەکات ئامادەی کۆبونەوەی سبەی شەممە بن، وەک خۆیان دەڵێن،" ئەوەش لە پێناو بەدیهێنانی
خواستەکانی گەلەکەمان و چەسپاندنی پڕۆسەی سیاسی و دیموکراسی کە لەسەر خوێنی پاک و قوربانییەکانی
گەلەکەمان دامەزراوە، کە لە پێناو عێراق و ئازادی گەلەکەیدا بەخشیویانە ".
