ترەمپ بە ڕستەیەکی تەمومژاویی مشتومڕی دروستکردەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2038 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوکات لەگەڵ بەڕێکەوتنی جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەرەو پاکستان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ وەفدی ئێرانی، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ڕستەیەکی تەمومژاوی لە هەژماری خۆی لە "ترووس سۆشیاڵ" بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ هەینی کاتێک ڤانس بەرەو ئیسلام ئاباد بەڕێکەوت، ترەمپ نووسی: "بەهێزترین دووبارە ڕێکخستنەوە بۆ جیهان"، وەک ئاماژەیەک بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتیی لە سیستەمی جیهانی.

 ئەم لێدوانەی ترەمپ کە بە شێوازە کتوپڕەکانی ناوبانگی دەرکردووە، لە کاتێکی زۆر هەستیاردا هات، چونکە بڕیارە یەکەمین گفتوگۆی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئێران لەم ئاستە باڵایەدا دەستپێبکات.

 وەفدی ئەمریکی لەلایەن ڤانس و ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر سەرۆکایەتیی دەکرێت، لە بەرامبەریشدا محەمەد باقر قالیباف و عەباس عێراقچی سەرۆکایەتیی وەفدی ئێران دەکەن.

 ئەم گەشەسەندنانە دوای 40 ڕۆژ لە شەڕ دژی ئێران دێن کە تێیدا ترەمپ دەڵێت توانای ئاسمانیی و دەریایی تارانیان تێکشکاندووە و چەندین جار هەڕەشەی کردووە کە دەبێت گەرووی هورمز کراوە بێت.

هەروەها ترەمپ هۆشداریی داوە کە ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت، ئەگەری گەڕانەوە بۆ شەڕێکی گەورەتر لە ئارادایە.

 پێشتریش نیگەرانی خۆی لە ئەندامانی ناتۆ دەربڕیبوو کە پشتیوانیی شەڕی ئێرانیان نەکرد و هەڕەشەی کشانەوەی لە هاوپەیمانییەکە کردبوو.

ترەمپ شانازی بەوەوە دەکات کە بڕیاری بوێرانەی داوە، وەک لێدانی ئێران بۆ ڕاگرتنی پڕۆژە ئەتۆمییەکەی، کە سەرۆکەکانی پێشوو بۆ چەندین دەیە نەیانوێراوە ئەوە بکەن.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی