ورده‌كاریی زیانه‌كانى ئێران له‌جەنگى ئه‌مریكاو ئیسرائیل ئاشكراده‌كرێت

جیهان

23/04/2026‌ 1870 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاژانسی "بلومبێرگ" لەڕاپۆرتێکدا کە پشت بەوێنەی مانگە دەستکردەکان دەبەستێت، قەبارەی ئەو وێرانکارییەی ئاشکراکردوە کە بەهۆی شەڕی ئەمریکاو ئیسرائیلەوە بەر ئێران کەوتوە، ئەمەش مەترسیی کارەساتێکی ئابوریی درێژخایەنی لێدەکەوێتەوە.


به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتەکە، زیانە ڕاستەوخۆکان بەنزیکەی 270 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێن، لەگەڵ تێکچون یان زیانگەیشتن بەزیاتر لە 7600 باڵەخانە لەشارە سەرەکییەکان، لەوانە تاران‌و ئەسفەهان‌و ناوچەکانی باشور کە 60 دامەزراوەی پەروەردەیی‌و 12 ناوەندی تەندروستییان گرتوه‌تەوە.

لەماوەی نێوان 28ی شوبات تا 8ی نیسان، لانیکەم 7645 باڵەخانە تێکشکاون یان زیانیان پێگەیشتوە.

حکومەتی ئێران زیانە ئابورییەکانی بە270 ملیار دۆلار خەمڵاندوە کە نزیکە لەکۆی بەرهەمی ناوخۆیی ساڵانەی وڵاتەکە، لەڕوی مرۆییشەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاندوە، 3371 کەس کوژراون لەنێویاندا 496 ژن، هەروەها زیاتر لە 34 هەزار کەسی دیکەش برینداربون.

بەتەنها لەتاران زیاتر لە39 هەزار یەکەی نیشتەجێبون زیانیان بەرکەوتوە کە 20٪ی زیانەکان بەر کەرتی مەدەنی کەوتون، هەروەها لەڕۆژی یەکەمی شەڕدا، بۆردومانێکی ئەمریکا قوتابخانەیەکی لەشاری میناب کردە ئامانج‌و زیاتر لە 150 منداڵی تێدا کوژران.

لەڕوی وزەوە، بەندەری ستراتیژیی بەندەر عەباس‌و کۆمەڵگە پترۆکیمیاییەکانی عەسلوێیەو مەعشور زیانی زۆریان بەرکەوتوه‌، ئەمەش بوەته‌ هۆی ڕاگرتنی تەواوی هەناردەکردنی پترۆکیمیاییەکان کە ساڵانە داهاتی 13 بۆ 15 ملیار دۆلاریان هەبوو.

لەلایەکی دیکەوە، جێگری وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، وڵاتەکەی 13 هەزار پێگەی لەناو ئێراندا کردوه‌تە ئامانج، بەڵام نکۆڵی لەوەکرد کە بەئەنقەست خەڵکی مەدەنیان کردبێتە ئامانج.

بەپەلە