شارپرێس:
لەڕۆژئاوای کوردستان تەڤگەر و ڕێکخراوەکانی ژنان هەڵمەتی بەرفراوانی نێونەتەوەیی 'هەموومان یەپەژەین، پەیەژە هەبوونی ئێمەیە"یان ڕاگەیاند.
لەوچوارچێوەیەدا چالاکییە هاوبەشەکانی ڕێکخراوەکانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان، بە بەشداری ڕێژەیەکی بەرچاو لە ژنان، نوێنەرانی پارتی سیاسیی، پارێزەران، ڕۆشنبیر و چالاکوانان، بە خوێندنەوەی ڕاگەیەندراوێک لە یاریگای شەهیدانی ١٢ـی ئاداری قامیشلۆ، هەڵمەتی بەرفراوانی نێونەتەوەیی 'هەموومان یەپەژەین... پەیەژە هەبوونی ئێمەیە"دەستیپێکرد.
هاوکات لەچالاکییەکاندا پشتیوانی بۆ یەپەژە ڕاگەیەندراو ڕاگەیەندراوی هەڵمەتەکە، بە زمانی کوردی لەلایەن وتەبێژی کۆنگرەی ستاری شاری قامیشلۆ ڕەیحان تەمۆ و بە زمانی عەرەبی لە لایەن جێگری سەرۆکی دەستەی ژنانی هەرێمی جەزیر وەسایف دندا و بە زمانی سووریانی لە لایەن ئەندامی یەکێتی ژنانی سووریانی سەمیرە کورییە حەناوە خوێندرایەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە سەرنج خرایەسەر پرۆسەی ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیکی لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و تێیدا پێداگری لەسەر بەشداریکردنی یەپەژە لە پرۆسەکەدا کرایەوە و ئاماژە بەوەکرا یەپەژە نوێنەرایەتی و پارێزەری ژنانی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانە.