شارپرێس:
ئیلی کۆهین وەزیری وزەی ئیسرائیل، پەیامێکی توند ئاراستەی تاران دەکاتو ڕایدەگەیەنێت، کۆماری ئیسلامی ئێران تەنها دوو ڕێگەی لەبەردەمدایە، یان تەسلیمبون بەمەرجەکانی ئەمریکا، یان بەرەوڕوبونەوەی هێرشێکی سەربازیی وێرانکەر.
کۆهین لەلێدوانێکدا بۆ کەناڵی 14ی عیبری ئاماژەی بەوەکردوهو، ئیسرائیل بەهەماهەنگییەکی ورد لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کاردەکات بۆ بڕیاردانی یەکلاکەرەوە دژی ئەوەی بەسەری مارەکە لەتارانو گروپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە لەلوبنانو غەززە ناوی برد.
وەزیری وزەی ئیسرائیل ستراتیژی ئێستای وڵاتەکەییو واشنتۆنی بۆ خوێنبەربونی ئێران ئاشکراکردو وتی، "دوای ئەوەی لەڕوی ئەمنیو سەربازییەوە ئێرانمان پاشەکشە پێکرد، ئێستا لەڕوی ئابورییەوە دەینەوێنینو کار بۆ ڕوخانی دەکەین، ئیدارەی ئەمریکاش گەروی هورمز وەک فشارێک دژی تاران بەکاردەهێنێت".
لەکۆتایی لێدوانەکەیدا، کۆهین ستایشی ڕۆڵی بنیامین ناتانیاهۆی کرد لەبەکارهێنانی هەژمونی ئەمریکا بۆ بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلو جەختیکردەوە، وڵاتەکەی لەلێواری بڕیارێکی چارەنوسسازدایە لەسەرجەم بەرەکاندا.