وەزارەتی تەندروستی لەبارەی دامەزراندنەوە ڕونکردنەوە دەدات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 804 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارگێڕی و دارایی سەر بە وەزارەتی تەندروستی رایدەگەیەنێت، هەڵەبجەی شەهید پێشەنگ و یەکەم قۆناغ و زۆرترین ڕێژە و ژمارەی دامەزراندنی هەبوە و بەردەوامیش دەبێت.


بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارگێڕی و دارایی  لەڕونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد،" نەخۆشخانەکانی هەڵەبجە یەکەمین پارێزگا بوو دامەزراندنی بۆ کرا و بە سێ قۆناغی جیا جیا تەنها بۆ دامودەزگاکانی تەندروستی 151 کارمەند دامەزراوە، ئەمەش زۆرترین ڕێژە و ژمارە بووە بە بەراوردی دامەزراندن بۆ شارەکانی دیکەی سلێمانی و هەولێر و دواهەمینیان دهۆک بووە ".

 ئەوەشیخستەڕوو،" لە هەر دامەزراندنێک ڕەچاوی زانکۆکانی متمانەپێدراوی حکومی و تایبەت بەبێ جیاوازی کراوە هەرچەندە لە هەواڵی میدیایەکی تەلەفزیۆنی باسی زانکۆی ئەهلی دەکرێت، لێرەوە ڕایدەگەیەنین ئەم زانکۆیە ئەهلی نیە و متامانەپێدراوی نێودەوڵەتییە ".

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارگێڕی و دارایی سەر بە وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت،" دڵنیاین بە شاردنەوەی ڕاستییەکان هاوڵاتیانی خۆشەویستی هەڵەبجەی شەهید هەڵناخەڵەتێن و نابنە بەکارهێنەری مەرامی سیاسی هیچ لایەنێک، بەڵکو هەمیشە هەڵەبجەی شەهید جێگای گرنگی و پێگەی بەرزی ئەرکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگشتی و وەزارەتی تەندروستیە".